سەردێڕ:

بەشێک لە سەرمایەداران و هاوڵاتییانى ئەمریکا دەستیانکردووە بە کڕینى ملیۆنان دینارى عێراقى

دیناری عێراقی لە ڕیزبەندی ٧٨ەمینی دراوەکانی جیهاندایە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-21

34257 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە بەپێی ڕیزبەندییەکان، دیناری عێراقی لە ڕیزبەندیی ٧٨ دراوی جیهاندایە لەڕووی بەهێزیی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی و لە وڵاتە عەرەبییەکانیشدا یەکێکە لە بێبەهاترین دراوەکان، بەڵام بەشێک لە سەرمایەداران و بازرگان و لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەستیانکردووە بە كڕینی دیناری عێراقی و تەنانەت بەشێک لە مامەڵە و کارە بازرگانییەکانیشیان بە دیناری عێراقی دەکەن.

بەپێی ڕیزبەندییەکی ماڵپەری گلۆبەڵ فاینەنس، دیناری عێراقی لە ڕیزبەندی ٧٨ەمینی دراوەکانی جیهاندایە، بەڵام ماڵپەڕی زە دەیلی بیست لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە وتەی چەند بازرگان و وەبەرهێنەرێکی ئەمریکی بێت، لە داهاتوودا دیناری عێراقی پێش دۆلاری ئەمریکی دەداتەوە.

لە ئێستادا لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کڕینی دیناری عێراقی زۆر زیاد بووە، بە جۆرێک کە ئەستەمە بتوانرێت ڕێژەی ئەو کەسانە دیاریبکرێت کە سەرقاڵی کڕینی دیناری عێراقین و کارە وەبەرهێنانەکانیان بە دیناری عێراقی دەکەن.

هایاس کۆتسیۆس کە خاوەنی کۆمپانیای نۆژەنکردنەوەی بواری مەلەوانگەیە لە باکوری کارۆلینا بڕوای وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە خاوەن سەرمایەیەکی زۆر بەهۆی كڕینی بڕێکی زۆری دیناری عێراقییەوە.

کیتسیۆس ملیۆنەها دیناری عێراقیی کڕیوە لە مانگی چواری ئەمساڵدا، دوای بینینی گرتە ڤیدیۆییەکی دۆناڵد ترەمپ کە وتبووی بەمنزیکانە هەموو دراوەکان چانسیان دەبێت بۆ بەنرخبوون.

ئەو وتانەی ترەمپ مەبەست لێی هاوتانەکردنی بازرگانی بوو لەگەڵ چین، بەڵام وەک هەندێك لە لایەنگرانی ترەمپ لێکدانەوە بۆ ئەو وتەیەی دەکەن، بڕوایان وایە کە دیناری عێراقی بەمنزیکانە لە دۆلاری ئەمریکی بە بەهاتر دەبێت و کەسی ژیر دەبێت لە ئێستادا دیناری عێراقی بکڕێت تا لە ئایندەدا چانسی ملیۆنەربوون لەدەستنەدات.

کیتسیۆس باس لەوە دەکات، خۆی و هاوسەرەکەی لە چەند شوێنێكی جیاواز بە بڕی ٥ هەزار تا ١٠ هەزار دۆلار دیناری عێراقییان كڕیوە و بەشێک لە کۆمپانیاکەشیان بە دینار فرۆشتووە، هەروەها دوان لە منداڵەکانیشیان بە ملیۆنەها دیناری عێراقییان کڕیوە.

کڕینی دیناری عێراقی لە ساڵی  ٢٠١٥وە لە ئەمریکا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دۆناڵد ترەمپ بە دیناری عێراقی کاری وەبەرهێنانی کردووە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نەبوو بۆ ئەو بابەتە.

س.س