سەردێڕ:

سیستمى کارکردنى بەڕێوەبەرایەتى کوالیتى کۆنترۆڵى دەرمان کرا بە ئەلیکترۆنى

فۆتۆ: 
2018-11-21

893 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ڕێگریكردن لە دەرمانی ساختە و ماوەبەسەرچوو لە بازارەكانی هەرێمى کوردستان، سیستمى کارکردنى بەڕێوبەرایەتى كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان کرا بە ئەلیكترۆنی، کە هەموو زانیارییەكانی دەرمان و كۆمپانیاكان و ڕێگەپێدانی بازرگانیكردنى بە دەرمانەوە لەخۆگرتووە.

تا ئێستا ٢٩٧ كۆمپانیاى دەرمان لەناو سیستمەکەدا تۆمارکراون و ٦٧ كۆمپانیاش ماون تۆماربکرێن کە بەهۆى ئەنجامنەدانی ڕێكاری پێویستەوە تا ئێستا تۆمارنەکراون.

وەزیری تەندروستی دەڵێت، تا دامەزراوەی نیشتمانی دەرمان دروستدەکرێت، ئەم سیستمە ڕێگرییەكی باشە بۆ كەمكردنەوەی دەرمانی ساختە و ڕێگریکردن لە مامەڵە و بازرگانی ڕێگەپێنەدراو.

لە سیستمەکەدا سەرجەم ئەو دەرمانانەى كە بە كوالێتی كۆنترۆڵدا تێدەپەڕن، ڕەچەتەكانیان دەکرێت بە كوردی، بۆئەوەی نەخۆش زانیاری و زیانە لاوەكییەكانی دەرمانەكان بزانێت.

جگە لەوە، دوو ئەپڵیكەیشن دروستدەكرێت تا هەموو هاوڵاتییەك لەڕێگەی موبایلەكەیەوە زانیاری لەسەر سەرجەم دەرمانخانە و سەنتەرەكانی دەرمان و نرخەكانیان بزانێت.

جگە لە بەئەلیکترۆنیکردنى سیستمى کوالێتى کۆنترۆڵ، ئەنجومەنى وەزیران ١٨ بڕیارى تایبەت بە کۆمپانیاکانى دەرمانی دەرکردووە و لە هەوڵی دروستكردنی دامەزراوەی نیشتمانی دەرماندایە، بە ئامانجى کۆنترۆڵکردنى بازاڕى دەرمان و ڕێگریکردن لە دەرمانى ساختە و ماوە بەسەرچوو.

بەپێی ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆنترۆڵى جۆرى هەرێم، لە سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ١٧ کۆمپانیاى هاوردەکردنى دەرمان داخراون و سێ باندیش دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا و١٠ دەرمانخانەش بەهۆى فرۆشتنى دەرمانى ساختە و ماوە بەسەرچووەوە داخراون.