سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق تاوتوێی خاڵە گومرگییە نوێیەکان دەکات

بەبێ ئاماژەدان بە پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-21

1294 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی راگەیاندراوێکی فەرمی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی خاڵە گومرگییە نوێیەکان دەکات، بەبێ ئەوەی خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمان ھیچ ئاماژەیەکی تیابێت لەبارەی تەواوکردنی کابینە حکومییە نوێکەی عادل عەبدولمەھدی.

لە بەیاننامەیەکدا فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق خشتەى کاری دانیشتنی ژمارە ١٤ی پەرلەمانی بڵاوکردەوە کە لە چەند بڕگەیەک پێکهاتووە.

یەکەم: سەیرکردن ئەو تانانەی کە پێشکەشکراوە سەبارەت بە ئەندامێتی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران.

دووەم: دەنگدان لەسەر شێوازی بڕیاری تایبەت بە بڕیارەکانی پەرلەمانی پێشوو لە ماوەی کاربەڕێکردن بەتایبەت لیژنەی یاسایی.

سێهەم: خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن بە ئامادەبوونی پارێزگاری بانکی ناوەندی و ئەندامانی ئەنجومەنی فەرمانگەکە و بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی عێراقی.

چوارەم: گفتوگۆکردن لەسەر خاڵە گومرکییە نوێیەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە، خشتەی کاری دانیشتنی پەرلەمان هیچ ئاماژەیەکی تیا نییە سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق.