سەردێڕ:

موقتەدا سەدر: فریای موسڵ بکەون

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-20

15259 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، موسڵ لە مەترسیدایە و داوای پارێزگاریکردنی لە شارەکە کرد کە لە بەرامبەر مەترسی تیرۆر و گەندەڵیدایە.

سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ سێشەممە (٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، "موسڵ لە مەترسیدایە، شانەکانی تیرۆر چالاکن، دەستی گەندەڵکارانیش تەشەنەیکردووە، بۆیە فریای موسڵ بکەون و ڕزگاری بکەن."

ئەو هۆشدارییەی موقتەدا سەدر لەکاتێکدایە، پێشتر ڕاپۆرتەکان باسیان لە چەند هەوڵێکی ڕێکخراوی داعش دەکرد، بۆ دەستپێکردنەوەی جموجوڵەکانی لە چەند ناوچەیەکی ئازادکراوی موسڵ، بەتایبەت دوای ئەوەی داعش لە ماوەی ڕابردوودا لە سنورە هاوبەشەکانی نێوان سوریا و عێراق کۆنترۆڵی چەند شوێنێکی کردەوە.

هەر ئەمڕۆش فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە جۆری ئێف ١٦، چەند پێگەیەکی داعشیان لە ناوخۆی سوریا بۆردومانکرد و بەهۆیەوە دەیان چەکداری داعش کوژران.

ع.م