سەردێڕ:

لە بەرامبەر وەرنەگرتنی مووچەکانیان کارگوزارەکانی نەخۆشخانەی شار گردبوونەوەیان ئەنجامدا

زیاتر لە سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-19

1369 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرامبەر وەرنەگرتنی مووچەی زیاتر لە سێ مانگ و خراپی گوزەرانیان، کارگوزارانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا داوایانکرد کە مووچەکانیان پێبدەن بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

چۆمان فالح سەرۆکی سەندیکای خزمەتگوزاری سەندیکاکانی کرێکارانیش دەڵێت، بە ئاگاداری ئەوان گردبوونەوەکە ئەنجامدراوە و پشتگیری ئەو کارگوزارانە دەکەن و لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆئەوەی بە زوویی مووچەکانیان بۆ دابینبکەن.

ئەوەشی وت، پێویستە حکومەت مەرج بۆ کۆمپانیاکان دابنێت لەکاتی گرێبەستی سەرجەم کرێکار و کارگوزاراندا بۆئەوەی کۆمپانیا چاوەڕێی پارەی حکومەت نەکات بەڵکو خۆی پارە دابینبکات لەو جۆرە حاڵەتانەدا.

سەبارەت بە ڕاوەستانی نەشتەرگەری و بینینی نەخۆش لە نەخۆشخانەکەش، یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، جگە لە ڕاگرتنی نەشتەرگەری سارد  کاروباری نەخۆشخانەکە وەک ڕۆژانی پێشوو دەڕوات و دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لە ئێستادا کارگوزارەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.

ئەو کارگوزارانە ژمارەیان زیاتر لە سەد کەسە و بە دوو کاتی جیاواز لە نەخۆشخانەکەدا کاردەکەن و بەشێکیشیان خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە بۆ کارکردن هاتوونەتە سلێمانی.

هــ.حــ