سەردێڕ:

ئەمڕۆ پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی ھەڵبژاردن دابەش دەکرێت

لۆگۆى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-11-18

23698 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ھەولێر، ھێرش قادر

دەست بەدابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەرسندوقەکانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق دەکرێت و بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاند، ئەوانەی کێشەیان نەبێت دەتوانن ئەمڕۆ پارەکە وەربگرن.

سەعید کاکەیی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی راگەیاند،" دەستمان بە دابەشکردنی پارەی کارمەندان سەرسندوقەکانی ھەڵبژاردن کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارمەندانەی ھیچ کێشەیەکیان نەبێت و ئامێر و پێداویستیەکان بە تەواوی گەڕاندبێتەوە دەتوانن ئەمڕۆ یەکشەممە پارەکانیان وەربگرن.

رۆژی ١٢ی مانگی ئایاری رابردوو ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بە ڕێوەچوو، تا ئێستا کارمەندانی سەرسندوقەکانی ھەڵبژاردنەکە پارەکانیان وەرنەگرتوە لە کاتێکدا زیاتر لە شەش مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا تێپەڕیوە.

س.س