سەردێڕ:

حەسەن ڕۆحانى: دەکرێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ عێراق بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکرێتەوە

حەسەن ڕۆحانى: دەکرێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ عێراق بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکرێتەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-18

1659 جار خوێندراوەتەوە

 لەگەڵ زیادبوونى گەمارۆکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەسەڵاتدارانى ئێران چاویان بڕیوەتە عێراقى دراوسێیان تا لەرێگەى بەرزکردنەوەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى یەوە کاریگەرى سزاکان لەسەر وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە.

لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە لەساڵى ٢٠٠٣، جموجۆڵى بازرگانى بەرفراوان لەنێوان عێراق و ئێراندا بەرێوەدەچێت و بەپێی ئامارەکان لە ئیستا قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوانیان ١٦ ملیار دۆلارە.

حەسەن ڕۆحانى سەرۆک کۆمارى ئێران لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسى هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراق خواستى وڵاتەکەى نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ عێراق.

رونیشیکردەوە، دەکرێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان وڵاتەکەى و عێراق لە ١٢ ملیار دۆلارى ساڵانەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبکرێتەوە، ئەوەش لە رێگەى هەوڵى دوو لایەنەوە.

ڕۆحانى وتیشى، لە ئێستادا گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لەبارەى ڕاکێشانى هێڵى شەمەندەفەر، ئەوەش کارئاسانى دەکات بۆ هاوڵاتیانى هەردوو وڵات، هەروەها رێککەوتوون لەسەر بنیادنانى ناوچەى بازرگانى ئازاد لەنێوانیاندا.

لەسەر پەیوەندییەکانى بازرگانییەکانى نێوان عێراق و ئێران، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، دروست کردنی ناوچەی ئازادی بازرگانى لە نێوان ئێران و عێراق، ڕاکێشانى هێڵی ئاسن و هاوکاری بۆ هاتوچۆی باشتری زیارەتکاران هەنگاوی گرنگن لە پێناو دروستکردنی ژێرخانە پێویستەکان بۆ هاوکاری ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.

خواستى ئێران بۆ بەرزکردنەوەى قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ عێراق هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەى سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە و ناچارکردنى وڵاتان بۆ ڕاگرتنى بەشێکى زۆر لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵیدا.

بەڵام ئەمریکا هەشت وڵاتى لەو سزایانە بەخشیوە و رێگەى پێداون نەوت لە ئێران بکڕن، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەى ٤٥ ڕۆژ مۆڵەتى بە عێراق داوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوردەکردنى گازى سروشتى ئێران بۆ ئیشپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.

لەچەند ڕۆژى ڕابردووشدا ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى چەند بەرپرسێکى حکومەتى عێراقەوە بڵاویکردبووەوە، لەو ماوەیەدا عێراق ناتوانێت جێگرەوە بۆ ئێران بدۆزێتەوە، بۆیە لەگەڵ ئێران رێککەوتوون بۆ ئاڵوگۆڕکردنى گازى سروشتى و بەرهەمى خۆراکى عێراقى.

ئاماژەیان بەوەشکردبوو، عێراق لە ئێستادا لە هەوڵی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمریکادایە سەبارەت بە هاوردەکردنی گازى سروشتى ئێرانی کە عێراق بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاریدەهێنێت .