سەردێڕ:

وردەکاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتى لەگەڵ یەکێتى و گۆڕان

دواى زیاتر لە شەش هەفتە، دواجار گفتوگۆکانى تایبەت بە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم لە سلێمانییەوە دەستیپێکرد
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-17

3890 جار خوێندراوەتەوە

دواى زیاتر لە شەش هەفتە، دواجار گفتوگۆکانى تایبەت بە پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم لە سلێمانییەوە دەستیپێکرد، پارتى کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنى ٣٠ى ئەیلولى پەرلەمانە شاندێکى باڵاى ڕەوانەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى و مەکۆى گۆڕان کرد و لەگەڵ ئەو حزبانە شەنوکەوى پێکهێنانى کابینەکەیان کرد.

شاندەکەى پارتى سەرەتا لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدیییەکەى کە یەکێتى نیشتمانییە کۆبووەوە و وتەبێژى پارتى ڕایگەیاند، بۆچوونەکانیان لەیەکترەوە نزیکبووە و چاوەڕواندەکەن لە کۆبوونەوەکانى داهاتوودا بگەنە ئەنجام.

لاى خۆیەوە سەعدى پیرە وتەبێژى یەکێتى ئاماژەى بەوەدا، یەکێتى دەیەوێت لەسەر بنەماى شەراکەت بەشدارى حکومەت بکات نەک بەشداری و دەبێت لەگەڵ پارتى پێکەوە بڕیار لەسەر پرسەکان بدەن.

دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتى، شاندى پارتى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان کۆبووەوە، کە بەرپرسەکانى خواستى بەشداریکردنیان لە کابینەى نوێ نەشاردووەتەوە، هەرچەندە هێشتا ئەو بزوتنەوەیە بڕیارى کۆتایی نەداوە و چاوەڕوانى ئەنجامى دانوستانەکان دەکات.

شۆڕش حاجى وتەبێژى گۆڕان ڕایگەیاند، پارتى پێى خۆشە گۆڕان بەشدارى لە کابینەى نوێی حکومەتدا بکات و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتى لەوبارەیەوە بەردەوام دەبن.

هاوکات مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى باسى لەوە کرد، لەگەڵ ئەو لایەنانەى دیکە کۆدەبنەوە کە خواستى بەشداریکردنیان هەیە لە حکومەت و پێیان باش نییە هیچ یەکێک لەو لایەنانە پەراوێز بخرێت.

چاوەڕواندەکرێت لە چەند ڕۆژى داهاتوودا گفتوگۆکانى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم بەردەوام بن و پارتى لەگەڵ ئەو لایەنانەى دیکەش کۆببێتەوە کە نزیکن لە بەشداریکردن لە حکومەت، لەناویاندا کۆمەڵى ئیسلامى.

ئەو دانوستانانە لەکاتێکدایە، هەریەکە لە جوڵانەوەى نەوەى نوێ و یەکگرتووى ئیسلامى و حزبى شیوعى پێشوەختە هەڵوێستى خۆیان یەکلاییکردەوە کە بەشدارى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێم ناکەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆنێکى کارا لە پەرلەمانى کوردستان.

هــ.حــ