سەردێڕ:

خاوەن پێداویستییەکی تایبەت: تەنیا کێشەی ئەم دونیایەم ئەوەیە ناتوانم پاترى بۆ عەرەبانەکەم بکڕم

سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان: ١٠٠ پەرلەمانتار پارەی ٩١ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرێت.
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-17

1545 جار خوێندراوەتەوە

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نیگەرانن لەو جیاوازییە زۆرەی لە نێوان مووچەی خانەنشینانی پلە باڵاکان و ئەواندا هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن ١٠٠ پەرلەمانتار پارەی ٩١ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرێت.

بەرنامەی سەکۆی ئێن ئاڕ تی ئەمڕۆ تایبەت بوو بە کێشە و گرفتەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەوبارەیەوە سامان حسێن سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ڕایگەیاند، "ڕۆژانە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دێنە یەکێتییەکەمان داوای پێداویستییەکانیان دەکەن، بەڵام کەس نییە هاوکارییان بکات و ماوەی زیاتر لە یەک مانگە داوای عەرەبانەیەک دەکەم بۆ کەمئەندامێک کە نرخی تەنها ٨٠٠ دۆلارە بەڵام کەس نییە بۆی بکڕێت."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پارەیەی پەرلەمانتاران وەکو خانەنشین وەریدەگرن بەشی یەک مانگی مووچەی سەرجەم کەمئەندامانی کوردستان دەکات، کە ٩١ هەزار کەمئەندامن، بەبێ کەموکورتی.

هەر لە بەرنامەکەدا ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ بەرنامەی (سەکۆ)ی ئێن ئاڕ تی دووان و باسیان لەوە کرد، بەهۆی کەمی مووچەکەیان بە بارودۆخێکی ئێجگار سەختدا ژیان بەڕێدەکەن، کەمئەندامێکیش باسی لەوە کرد، "تەنیا یەک کێشەم هەیە لەم دونیایە، ئەویش ئەوەیە ناتوانم پاترى بۆ عەرەبانەکەم بکڕم کە نرخی تەنها ٢٠٠ هەزار دینارە."

هەر لە بەرنامەکەدا خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی حزبەکان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دێنە بەر دەرگایان داوادەکەن دەنگیان پێبدەن، بەڵام دواتر پشتگوێ دەخرێن و هیچ داواکارییەکیان جێبەجێ ناکەن، بە جۆرێک ئەو ناتوانێ عارەبانەیەک بکڕێت، چونکە مووچەکەی تەنها ١٢٠ هەزار دینارە و ناچارە بە دارشەق بڕوات.

لە ماوەی ڕابردووشدا، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە بەرامبەر کەمیی مووچە و خراپی گوزەرانیان چەندین جار خۆپیشاندانیان کردووە و ناڕەزاییان دەربڕی، هەفتەی ڕابردووش لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر خراپی ژیانیان کورسییەکانیان سوتاند.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی كار و کاروباری كۆمەڵایەتی، ژمارەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێم ١٠٣ هەزار و ٦٢٣ كەسە و بەهۆى دووبارە پشکنینەوە بۆ زانینى ڕیژەى کەمئەندامێتییان لە ئێستادا زیاتر لە ١٨ هەزار کەمئەندام لە لیستى مووچەخۆرانى وەزارەتەکە دەرکراون و مووچەیان پێ نادرێت، بەهۆى ئەوەى ڕێژەى کەمئەندامێتییەکەیان لە سەدا ٦٥ کەمتر بووە.

هەروەها بەپێی ئامارەکانی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، بەھۆی قەیرانی دارایی و خراپی دۆخى ژیانیانەوە نزیکەی ١٠٠ خێزانی خاوەن پێداویستى تایبەت ھەڵوەشاوەتەوە و ٢ کەمئەندامیش کۆتاییان بە ژیانى خۆیان هێناوە.

هــ.حــ