سەردێڕ:

چیرۆکی ھەڵکشان و داڕمانی ڤەنزوێلای خاوەن نەوت

شکستی سۆشیالیزم و تاکڕەوی
ڤەنزەویلا؛ ئەو وڵاتەی رۆژانە سەدان کەس بەھۆی برسێتییەوە ھەڵدێن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-17

1185 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی


ڤەنزوێلا؛ خاوەنی گەورەترین گەنجینەی نەوتە لە جیھاندا. ئەم وڵاتەی ئەمەریکای باشور لە سعودییە زیاتر و ھێندەی عێراق و ئێران پێکەوە یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی ھەیە، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتێکی شکستخواردووە و نەبوونی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان تەنگی بە زۆرینەی زیاتر لە سی ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکە ھەڵچنیوە.



کیلۆیەک تەماتە بە ٥ ملیۆن بۆلیڤارە                                         فۆتۆ: کارلۆس گارسیا راوڵین لە رۆیتەرز


سندوقی دراوی نێودەڵەتیی ھۆشداری ئەوەیدا رێژەی ھەڵاوسانی ڤەنزوێلا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە لە سەدا یەک ملیۆن، ھاوشێوەی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٢٣ و زیمبابۆی لە کۆتایی ٢٠٠٠ەکاندا. قەیرانی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی ڤەنزوێلا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و بۆتەھۆی دروستکردنی شەپۆلێکی کۆچکردنی ھاووڵاتییەکانی و بڵاوبوونەوەی تاوان و ناسەقامگیری. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بڕی کۆی بەرھەمی ناوخۆیی راستەقینە، داھاتی وڵاتەکە، بەرێژەی زیاتر لە %١٠ ساڵانە دابەزیووە بەھۆی دابەزینی بەرھەمھێنانی نەوت و شێواوی و ناھاوسەنگیی لە ئابوریی وڵاتەکەدا. رەگوریشەی ھەموو ئەمانەش ئەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی تاکڕەوی سەرۆکێک و ھەنگاوە ھەڵە یەک لەدوای یەکەکانی.

 

 

کیلۆیەک تەماتە: ٥،٠٠٠،٠٠٠ بۆلیڤاری "بەھێز"


لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، %٧ی سەرجەم دانیشتوانی ڤەنزوێلا کە دەکاتە  ٢.٣ ملیۆن کەس لە ھەژاری، نەبوونی خۆراک و پێداویستی تەندروستیی و ئاسایش ھەڵھاتوون و بەبەردەوامیش رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس ھەڵدێن. زۆربەی ئەم کۆچبەرانە روو دەکەنە وڵاتانی دراوسێی وەک کۆڵۆمبیا، ئێکوادۆر، بەڕازیل و پێروو. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانيش؛ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس توشی بەدخۆراکیی بوون.



شەپۆلی کۆچی ھاوڵاتیان ڤەنزوێلا بۆتە کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک کۆڵۆمبیا



داڕمانی ئابوریی ڤەنزوێلا بۆتە ھۆی ھەڵاوسانێکی کەمھاوتا و مانگانە بەھای "بۆلیڤار" ٥٠% دادەبەزێت و ئەمەش مانای گرانبوونی پێداویستییەکانە بە رێژەی دووھێندە لە مانگێکدا. نیکۆلاس مەدورۆی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ خۆلادان لەم قەیرانە پێنج سفری لە دراوەکە لابرد، بەڵام بەپێی لێکدانەوەی ئابوری؛ ئەم ھەنگاوە تەنھا ناوی کێشەکە چارە دەکات بەبێ چارەسەری خودی کێشەکە.

سیستمی فەرمانڕەوایی ڤەنزوێلا و پەیوەندیی شیرین و تاڵی لەگەڵ گەورەترین سەرچاوەی سروشتیی وڵاتەکە (نەوت) دوو کۆڵەکەی کێشەکانی ئەمڕۆن. تاوەکو ساڵی ١٩٥٨، دیکتاتۆر و ئەفسەرانی سوپا؛ فەرمانڕەوایی وڵاتەکەیان دەکرد، بەڵام ھەڵبژاردنی کەسێکی مەدەنیی وەک سەرۆک دەروازەی کرانەوەی سیاسیی و ئابوریی دەبێت.

ھەرچەندە نەوت لەمێژە لە ڤەنزوێلا دۆزراوەتەوە و ھەناردەی سەرەکی ڤەنزوێلا دەبێت، بەڵام تاوەکو ساڵانی حەفتاکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەھۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییەوە، حکومەت ناتوانێت دەستی واڵابکات لە خەرجیی و بوژانەوەی وڵاتدا. ھاوکات کەرتی نەوت و ستیل؛ بە نیشتیمانیی دەکرێن و داھاتی ھاووڵاتیان بەتایبەت کەرتی گشتی، زیاتر لە دوو ھێندە زیاددەکات. ئەمەش دەبێتەھۆی بەرزبوونەوەی خەرجی گشتیی و زیادکردنی قەرزی سەر حکومەت. ھەموو سەرکەوتنێک دابەزینێکی بەدوادادێت، بۆیە دوای چەند ساڵێک لە بەرزی نرخی نەوت، لە ساڵانی ھەشتاکاندا بەھای نەوت کەمدەبێتەوە و لێرەشەوە ھەڵاوسان لە ڤەنزوێلا دەستپێدەکات و قەیرانێکی حەتمی دەستپێدەکات.

لاوازیی کەرتی کشتوکاڵ مانای ھاوردەکردنی زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکانە لە وڵاتانی دیکەوە و لە کاتی قەیرانی ئابوریی و لاوازبوونی بەھای دراوی ناوخۆییدا، کڕینی سادەترین شمەک بۆ زۆربەی ھاووڵاتیان دەستنادات

 

سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی گشتیی و فراوانکردنی سەرچاوەکانی داھاتی وڵاتەکە و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە نەوت وەک تەنھا سەرچاوە، قەیرانی ئابوریی ساڵانی ھەشتاکان ھاوشان بە گەندەڵیی و خراپ بەڕێوەبردن دەبێتەھۆی قەیرانی سیاسیی و ناسەقامگیریی و خۆپیشاندانی گەورە.

ئەوە جگە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەڵەتیی و جێبەجێکردنی بنەماکانی نیۆلیبڕاڵیزم (بازاڕی ئازاد، برەودان بە کەرتی تایبەت، کەمکردنەوەی خەرجی گشتی، ئازادی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و کەمکردنەوەی رێساکان) کە دەبنەھۆی ناڕەزایەتی زیاتری خەڵکی وڵاتەکە. تاوەکو لە ساڵی ١٩٨٩دا، پێکدادان و توندوتیژیی روودەدات و سەدان ھاووڵاتی لەسەر شەقامەکان دەکوژرێن.

دواتر لە ساڵی ١٩٩٢دا، ھەوڵێکی کودەتا لەلایەن ئەفسەرێکی سوپاوە شکست دێنێت. ئەو ئەفسەرە بۆ دوو ساڵ زیندانیی دەکرێت و دوای ئازادبوونی پارتێکی سیاسیی دروستدەکات و لە ساڵی ١٩٩٨دا ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەباتەوە. ئەو پیاوە ناوی ھیوگۆ چاڤێز دەبێت. ئەو کەسەی ئاڕاستەی سیاسیی و ئابوریی ڤەنزوێلا بەقوڵیی دەگۆڕێت و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی دەبنە بەشێک لە داڕمانی ئابوریی و سیستمی سیاسیی وڵاتەکە.



چاڤێز و شۆڕشی بۆلیڤاری


وەک چەندین کەسایەتی رادیکاڵ و جێمشتومڕی دیکە، ھیگۆ چاڤێز بە ھەڵبژاردنێکی دیموکراسییانە دێتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی، بەڵام لوتکەی دەسەڵات دەکاتە داردەستێک بۆ چەسپاندنی گۆڕانکاری گەورە و سەپاندنی بەرنامەی ئابوریی پڕ کێشە کە بەشێک لە رەگوریشەی ئەو قەیرانەی ئەمڕۆی وڵاتەکەی پێکدێنێت.



دوای ئازادبوونی ھیوگۆ چاڤێز لە زیندان؛ پارتێکی سیاسی دروستدەکات و لە ساڵی ١٩٩٨دا ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەباتەوە. فۆتۆ: تایمز

 

چاڤێز زنجیره‌یه‌ك به‌رنامه‌ ده‌چه‌سپنێت بۆ هاوكاريی كه‌مده‌رامه‌تان و به‌هێزكردنی خزمه‌تگوزاریيه گشتیيه‌كان و وه‌ك پشتی هه‌ژاران بانگه‌شه‌ بۆ به‌رنامه‌كانی خۆی ده‌كات. هه‌ر ئه‌م به‌رنامانه‌شه‌ هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردن ده‌نگی زۆرینه‌ به‌ده‌ستدێنێت به‌تایبه‌ت له‌ناو هه‌ژارانی وڵاته‌كه‌یدا. چاڤێز هه‌ر له‌ رۆژی سوێندخواردنیيه‌وه‌ ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌ستور بگۆڕێت. بۆیه‌ دوای بردنه‌وه‌ی ریفراندۆمێك بۆ گۆڕینی ده‌ستور و درێژكردنه‌وه‌ی خولی سه‌رۆكایه‌تی بۆ شەش ساڵ و دوو خول، خۆی ده‌بێته‌ فه‌رمانڕه‌وای ره‌ها و سه‌رجه‌م دیدگای خۆی به‌بێ ركابه‌ريی ده‌چه‌سپه‌نێت و ئوپۆزسیۆن لاواز ده‌كات. به‌ناوی سۆشیالیزمه‌وه‌؛ ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر ملیۆنان هێكتار زه‌وی كشتوكاڵيی و نرخی شمه‌ك و دراو دیاریيده‌كات و ده‌ستده‌گرێت به‌سه‌ر بازرگانیيه‌كاندا.

چاڤێز ته‌نانه‌ت ناوی وڵاته‌كه‌ش ده‌گۆڕێت لە "كۆماری ڤه‌نزوێلا"وه‌ بؤ "كۆماری بۆلیڤاریی ڤه‌نزوێلا". بۆلیڤار ناوی سه‌ركرده‌یه‌كی مێژویی سه‌ربازيی و سیاسيی ڤه‌نزوێلیه‌. سیمۆن بۆلیڤار كه‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌مه‌ریكای باشور به‌ده‌ستدێنێت دوای خه‌باتكردن دژی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری ئیسپانی له‌ كیشوه‌ره‌كه‌.

دیاریكردنی نرخی شمه‌ك و كاڵاكان، واته‌ نه‌هێشتنی ركابه‌ری ئابوريی و كه‌مكردنه‌وه‌ی قازانج و ساركردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌و شمه‌كانه‌ له‌ به‌رده‌وامبوون به‌ كاره‌كانیان. هه‌روه‌ها دیاریكردنی به‌های دراو ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی بازاڕی ره‌شی دراوی بیانيی و لێره‌شه‌وه‌ نرخی دراوێكی وه‌ك دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌های دراوی ناوخۆیی نزمده‌بێته‌وه‌.  

"سۆشیالیزم بۆ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك" ئه‌و دیدگایه‌ بوو چاڤێز له‌ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد. زۆربه‌ی به‌رنامه‌ ئابوریيه‌كانی پشتی به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ست و بۆ ئه‌مه‌ش داهاتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێرده‌ست و میدیا كۆنترۆڵ ده‌كات و ركابه‌ره‌كانی بێده‌نگ ده‌كات. هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ك هه‌نگاو ده‌نێت بۆ به‌نیشتیمانیيكردنی كه‌رته‌كانی وزه‌ و په‌یوه‌ندیيه‌كان و كه‌رتی دارایی. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی ململانێ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌ جیهانیيه‌كانی نه‌وت و بانكه‌كاندا.


ھیوگۆ چاڤێز لەکاتی قسەکردن بۆ لایەنگرانی لە دوای دووەم برنەوەی خولی سەرۆکایەتی لە اڵی ٢٠٠٣دا. فۆتۆ: خوان بارێتۆ  لە ئەی ئێف پی

 

پشتبەستن بە نەوت و لاوازیی کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی، واتە ھاوردەکردنی زۆربەی پێداویستییە سەرەتاییەکان وەک خۆراک و پێداویستی تەندروستیی لە وڵاتانی دیکەوە و ئاوسانی فەرمانبەرانی حکومەت. لەلایەکی دیکەوە، چاڤێز زۆربەی وەزارەتەکانی دەوڵەت، دادگای باڵا و ھێزە سەربازییەکان دەخاتەژێر رکێفی خۆی و رێگە بۆ فەرمانڕِەواییەکی تاکڕەویی خۆشدەکات.

ھەر بە داھاتی نەوتیش دەسەڵاتی خۆی لە ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی دیکەش پەرەپێدەدا. ئەمە جگە لە دروستکردنی ھاوپەیمانییەکی دژە ئەمەریکا و ئیمپریالیزم لەگەڵ چەند وڵاتێکی باشوری ئەمەریکا لەلایەک و روسیا و چینیش لەلایەکی دیکەوە. ئەمە جگە لە نزیکی لە دیکتاتۆرەکانی وەک رۆبێرت مۆگابی و موعەمەر قەزافی و پشتگیریکردنی ئەحمەدی نەجاد لە ئێران. لەبەرامبەریشدا، ئەمەریکا گەمارۆی ئابوریی بەسەر ڤەنزوێلادا دەسەپێنێت و بەھاوکاریی کۆڵۆمبیا پشتگیریی ئۆپۆزسیۆن دەکات.

سەرەڕای بروای قوڵی چاڤێز بە دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و یەکسانی و سەرەرای ھەبوونی پشتگیری فراوان لەناو خەڵکدا، ڤەنزوێلا دەھێنێتە سەر کەناری قەیران و ناسەقامگیری و ھەر خۆیشی سەرۆکی داھاتووی وڵاتەکە لەدوای توشبوون بە شێرپەنجەی و نزیکبوونەوەی مەرگی، نیکۆلاس مەدورۆ، ھەڵدەبژێرێت و داوا لە خەڵک دەکات بەبێ ھیچ گومانێک دەنگی پێبدەن، بەڵام مەدورۆ ڤەنزوێلا وێران دەکات.


نیكۆلاس مه‌دورۆ: له‌ كه‌ناره‌وه‌ بۆ قوڵایی قه‌یران


لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و دەرکەوتنی کاریگەری بەرنامە ئابورییە ھەڵەکانی چاڤێز، خەڵک و ئۆپۆزسیۆن دێنەسەر شەقامەکان و داوای گۆڕانکاریی دەکەن، بەڵام مەدورۆ کۆڵنادات و لەجیاتی وازھێنان ھەڵمەتێکی دەستگیرکردن دەستپێدەکات و ھەموو رێگەکان دەگرێتەبەر بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات.

 

خەڵک رۆژ بە رۆژ ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێت بەڵام نیکۆلاس مەدورۆ ئامادە نییە کورسی دەسەڵات بەجێبھێڵێت. فۆتۆ: کارلۆس گارسیا راوڵین لە رۆیتەرز.

 

لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە، کێشە ئابورییەکانی ڤەنزوێلا قوڵتر دەبنەوە و ھەڵاوسان دەبێتەھۆی بڵاوبوونەوەی ھەژارییەکی کەموێنە. نزیکەی %٩٥ی داھاتی ھەناردەی ڤەنزوێلا نەوت دابینی دەکات و بەم ھۆیەشەوە کەرتە ئابورییەکانی دیکە گەشە پێنەدراون و بەرھەمی ناوخۆیی لاواز یان نەبووە و زۆربەی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە ھەناردە دەکرێن. لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتیشدا، کەمھێنانی دراوی بیانیی روودەدات و لێرەشەوە ھەناردەکردنی شمەک و کاڵاکان قورستر و گرانتر دەبن و لە ئەنجامدا ھەڵاوسان رۆژ بەرۆژ زیاد دەکات.  

ئەمڕۆ نەبوونی خۆراک و پێداویستی تەندروستیی و خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو پاڵ بە سەدان ھەزار ھاووڵاتییەوە دەنێن وڵاتەکەیان جێبھێڵن. رێژەی تاوان بەرز دەبێتەوە، منداڵان دەکەونە سەر شەقامەکان و نادڵنیایی و ناسەقامگیریی دەبێتە ناونیشانی ڤەنزوێلای نوێ. وه‌ڵامی حكومه‌تیش چاپكردنی دراوێكی نوێ و لابردنی پێنج سفره‌ له‌سه‌ری بۆ خۆلادان له‌ روكه‌شی هه‌ڵاوسانه‌كه‌.  به‌ڵام له‌گه‌ڵ نه‌بوونی وه‌به‌رهێنانی بیانيی و نزمی نرخ و به‌رهه‌می نه‌وتدا هه‌ڵاوسان رۆژ به‌رۆژ زیاد ده‌كات و نرخی ساده‌ترین شمه‌ك ده‌بێته‌ ملیۆنان بۆلیڤار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕی موچه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ شتێك فریای هه‌ڵكشانی ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ خێرایه‌ ناكه‌وێت كه‌ به‌پێی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌گاته‌ له‌سه‌دا یه‌ك ملیۆن.


مەدورۆ ھەڵمەتێکی دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئوپۆزیۆنی دەستپێکردووە

 

کەرتی تەندروستی؛ یەکێکە لە گەورەترین زیانلێکەوتووانی قەیرانەکانی وڵاتەکە. ھاووڵاتیان ناچارن بۆ سادەترین نەشتەرگەری روو لە وڵاتانی دراوسێ بکەن و ژنانی سکپڕ سنور بپەڕێنن بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییەکی رۆتینی. ھەندێک منداڵەکانیان فڕێ دەدەنە سەرشەقامەکان لەبەر کەمدەرامەتیی و ھەندێکی دیکەش ناچاربوون بە زبڵدا بگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ژەمێک خواردن. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش سەرۆک سورە لەسەر مانەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەویی خۆی و لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن و پەنجەی تۆمەت راکێشان بۆ دەستێوەردانی دەرەکیی و گەمارۆکانی ئەمەریکا وەک ھۆکاری درێژەکێشانی ئەم قەیرانە قوڵەی ڤەنزوێلا. ھەموو ئەمانە لە وڵاتێکدا روودەدەن کە خاوەنی گەورەترین گەنجینەی نەوتی دۆزراوەیە لە جیھاندا.