سەردێڕ:

​کۆبوونەوەى پارتی و یەکێتى لە سلێمانی دەستیپێکرد

گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت
فۆتۆ: 
2018-11-17

2828 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی ، سلێمانی ، ژاڵە محەمەد 

کەمێک پێش ئێستا شاندی پارتی گەیشتە مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە سلێمانی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی یەکێتى دەستیپێکردوووە.

 شاندەکەى پارتی پێکهاتوون لە هەر یەک لە جەعفەر ئیمنکی و هێمن هەورامی و مەحمود محەمەد  و ئازاد بەرواری و هەروەها شاندەکەى یەکێتیش پێکهاتوون لە  قادر حەمەجان و سەعدی ئەحمەد پیرە و عەدنانی حەمەى مینا و لاهور شێخ جەنگى و شۆڕش ئیسماعیل .

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو شاندەی پارتی کە ئەمڕۆ چووەتە لای یەکێتی هیچ بڕیارێکی بەدەست نییە و تەنها بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و وەرگرتنی ڕای یەکێتیە لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕازییە جێگری سەرۆک پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ٤ وەزارەت بداتە یەکێتی کە تەنها وەزارەتی پێشمەرگەی تیادایە سیادی بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە یەکێتی داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکات و خەتی دووەمیشی داناوە کە ئەگەر پارتی ڕازی نەبوو وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی ئەوا داوای جێگری وەزیری ناوخۆ دەکات بەمەرجێک هەمان دەسەڵاتەکانی وەزیری هەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، یەکێتی پرۆژە ڕێککەوتنێکی چوار ساڵی لەگەڵ پارتی ئامادەکردووە کە بە مەرجی وەرگرتنی پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و دوو وەزارەتی سیادی، ئامادەی واژووکردنیەتی، بەڵام ئەگەر گۆڕان بەشداری حکومەت بکات ئەوا پارتی پرۆژەکە پشتگوێ دەخات.

لەلایەکی دیکەوە گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاکردووەتەوە و ناڕەزاییە ناوخۆییەکانیان فەرامۆشکردووە و چاوەڕوانن بزانن پارتی چ پۆستێکیان دەداتێ تا بچنە حکومەتەوە

پارتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و یەکتر بینینە نافەرمییەکانی بە یەکێتی و چەند کەسێکی نزیکی گۆڕانیان وتووە کە بە هیچ شێوەیەک داوای وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوە نەکەن.

هـ،ڕ