سەردێڕ:

ئاماری قوربانیانى ئاگرەکەی ئەمریکا بەرزتربووەوە

فۆتۆ: 
2018-11-17

1422 جار خوێندراوەتەوە

دیوانی پارێزگای ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکی ڕایگەیاندووە، ژمارەى ئەو کەسانەی بە هۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٧١ کەس و زیاتر لە  هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.

ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە کە هەندێک بە دۆزەخ ناوی دەبەن بەشێوەیەکە شارۆچکەی پارادایس کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٧ هەزار کەسە  لە نۆی ئەم مانگەدا بە تەواوەتی سوتاوە و نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتیش ناچاربوون لەترسی گیانیان و نزیکبوونەوەی بڵێسەی ئاگرەکان ماڵ و حاڵی خۆیان لە شاخ و دۆڵەکان جێهێڵن و ڕوو لە شاری لۆس ئەنجلۆس بکەن.

لە ناوچەی (مالیبۆ) و چواردەوریشی، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر لە ٥٠٠ باڵەخانەی گەورە سووتاندووە، ژمارەیە ئەو خانووانەش کە لەسەرەتای ئاگرکەوتنەوەکە سووتاوە بۆ هەشت هەزار و ٨٠٠ خانوو بەرزبووەتەوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا ئاگرکەوتنەوەکە لە مێژووی ویلایەتەکەدا هاوشێوەی نەبووە کە زۆرترین قوربانیی لێ کەوتووەتەوە، ئەوە جگە لەوەی چەندین ئاژەڵی ماڵی و کێوی و جۆرەها باڵندە لە دارستانەکاندا سوتاون.

تەنانەت بڵێسەی ئاگرەکە گەیشتووەتە لێواری گەورەترین ڕێگای خێرا لە ویلایەتەکە.

کالیفۆڕنیا ژمارەیەک دارستانی گەورەی لەخۆگرتووە کە هەندێک درەخت تیایاندا دەگمەنن بەو پێیەی بەتەمەنن و بە گەورەترین و درێژترین درەخت لە جیهاندا پۆلێنکراون.

ئاگری کامپ فایەر کە کە هۆکاری کەوتنەوەکەی وشکەساڵیی بەردەوامە لەناوچەکە بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە،  تا ئێستا ڕوبەری ٥٤٦ کیلۆمەتردووجا دارستان و سەوزایی لە باکوری ویلایەتی کالیفۆرنیا سووتاندووە.

هەرچی تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوەشە تەنیا ٤٠% ی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە کە دەکەونە نزیک لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون.