سەردێڕ:

ئەمڕۆ گفتوگۆکانى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم دەستپێدەکات

پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-17

864 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ گفتۆگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و گەڕێکی دیکەی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستپێدەکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو شاندەی پارتی کە ئەمڕۆ دەچێتە لای یەکێتی و گۆڕان هیچ بڕیارێکی بەدەست نییە و تەنها بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و وەرگرتنی ڕای یەکێتی و گۆڕانە لەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕازییە جێگری سەرۆک پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ٤ وەزارەت بداتە یەکێتی کە تەنها وەزارەتی پێشمەرگەی تیادایە سیادی بێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە یەکێتی داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکات و خەتی دووەمیشی داناوە کە ئەگەر پارتی ڕازی نەبوو وەزارەتی ناوخۆ بداتە یەکێتی ئەوا داوای جێگری وەزیری ناوخۆ دەکات بەمەرجێک هەمان دەسەڵاتەکانی وەزیری هەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، یەکێتی پرۆژە ڕێککەوتنێکی چوار ساڵی لەگەڵ پارتی ئامادەکردووە کە بە مەرجی وەرگرتنی پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و دوو وەزارەتی سیادی، ئامادەی واژووکردنیەتی، بەڵام ئەگەر گۆڕان بەشداری حکومەت بکات ئەوا پارتی پرۆژەکە پشتگوێ دەخات.

لەلایەکی دیکەوە گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاکردووەتەوە و ناڕەزاییە ناوخۆییەکانیان فەرامۆشکردووە و چاوەڕوانن بزانن پارتی چ پۆستێکیان دەداتێ تا بچنە حکومەتەوە

پارتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و یەکتر بینینە نافەرمییەکانی بە یەکێتی و چەند کەسێکی نزیکی گۆڕانیان وتووە کە بە هیچ شێوەیەک داوای وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و پەیوەندییەکانی دەرەوە نەکەن.

هاوکات سەبارەت بە پۆستی وەزیری پێشمەرگەش جەعفەر شێخ مستەفا خۆی ئامادەکردووە تا جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێت، پارتیش ڕەزامەندیی نیشانداوە، بەڵام پێدەچێت کۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانی بە توندی لە دژی پێدانی ئەو پۆستە بە جەعفەر شێخ مستەفا بوەستنەوە.