سەردێڕ:

ساڵێکە بیناى پێشووى هاتوچۆى هەولێر نۆژەنکراوەتەوە بەڵام تا ئێستا بە چۆڵى ماوەتەوە

بیناى پێشووى هاتوچۆى هەولێر
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-16

360 جار خوێندراوەتەوە

 دوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی وەزارەتەکە و دروستکردنی باڵەخانەی نوێ و مۆدێرن تا لەگەڵ سیستمەکە بگونجێ، هەر سێ بەڕێوبەرایەتی هەولێر و سلێمانی و دهۆک باڵەخانەی نوێیان بۆ دروستکراوە و چوونەتە ناوییەوە.

بەڵام بەهۆی ئەوەی هاتوچۆی هەرێم باڵەخانەی تایبەت بە خۆیی نەبووە، وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریدا باڵەخانەی کۆنی هاتوچۆی هەولێر کە موڵکی وەزارەتی ناوخۆ خۆیەتی نۆژەنبکرێتەوە، تا بدرێت بە هاتوچۆی هەرێم، دوای تێپەڕبوونی ساڵێکیش بەسەر نۆژەنکردنەوەیدا تا ئێستا بیناکە بە چۆڵى ماوەتەوە.

بەرپرسانى هاتوچۆى هەرێم کە چاوەڕوانى بڕیارى وەزیرى ناوخۆن بۆ گواستنەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ بینا نوێیەکە، ئامادەنەبوون لەبەردەم مایکى ئێن ئاڕ تى قسەبکەن، تەنها ڕزگار عەلی بەڕێوبەری هاتووچۆی هەرێم، لەڕێگەى تەلەفۆنەوە ڕایگەیاند کە ئەو پرسە پەیوەندى بە وەزارەتى ناوخۆوە هەیە.

مانەوەى بینا نۆژەنکراوەکە بە چۆڵى لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەرێم بە کرێی مانگانەى سێ ملیۆن دینار لە دوو خانودایە لەسەر شەقامی شەست مەترى و بیناکە بە تایبەت بۆ فەرمانگەى حکومى دروستنەکراوە.

بەرپرسانى وەزارەتى ناوخۆ ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە قسە بۆ ئێن ئاڕ تى بکەن، بەڵام سەرچاوەیەک لە هاتوچۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، پێدەچێت وەزارەتى ناوخۆ بیەوێت بیناکە بداتە بەڕێوەبەرایەتییەکى دیکە، لەکاتێکدا ئەو بینایە بۆ هاتوچۆى هەرێم نۆژەنکراوەتەوە.

جگە لە هاتوچۆی هەرێم کە لە ئێستادا لە کرێدایە بەشێکى دیکە لە فەرمانگەکانی هەرێم لە خانووی کرێدان، لەکاتێکدا بە دەیان باڵەخانەی حکومەت لەلایەن حزب و بەرپرسانی حزبییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و نەگەڕێنراونەتەوە بۆ حکومەت.

هــ.حــ