سەردێڕ:

هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک لەڕێگەى بۆریی هەرێمەوە بۆ تورکیا دەستیپێکردەوە

دواى وەستانى بۆ ماوەى زیاتر لە ساڵێک هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک لەڕێگەى بۆریی هەرێمەوە بۆ تورکیا دەستیپێکردەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-16

1050 جار خوێندراوەتەوە

دواى وەستانى بۆ ماوەى زیاتر لە ساڵێک، جارێکی دیکە هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بۆ سەر بەندەری جەیهانی تورکیا لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە و ڕۆژی هەینیش هەناردەکردنەکە دەستیپێکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە ڕۆژانە ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکوک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

باسی لەوەش کردووە، هەناردەکردن و فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆوە) دەبێت.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بە سەرکەوتنێک بۆ واشنتۆن دادەنرێت کە فشاری لە ھەردوو حکومەتی بەغدا و ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت لە کەرکوکەوە، بۆئەوەی ھاوکاربێت لە چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی نەوتی خاوی ئێران لە ناوچەکەدا، دوای ئەوەی واشنتۆن سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند.

پێشتر سەفین دزەیی وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا باسیان لە هەناردەکردنی بڕى ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک کردووە.

ئاماژەى بەوەش کردبوو، کرێى گواستنەوەى ئەو بڕە نەوتە کە لەڕێى بۆریی هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى بەندەرى جەیهان دەکرێت مانگانە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.

بەوپێیەش داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، کە لە ئێستادا بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و ٣١٧ ملیار دینارەکەی بەغداوە دەگاتە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی سێ ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی کەرکوکی هەناردە دەکرد و داهاتەکەشی دەگەڕایەوە بۆ هەرێم، کە مانگانە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک ڕاگیرا.

هــ.حــ