سەردێڕ:

لە سەروبەندى پێکهێنانى کابینەى نوێدا کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى سەریانهەڵدایەوە

کێشە لەنێو باڵی ماڵی تاڵەبانى و باڵی کۆسرەت ڕەسوڵدا هەیە
بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، لە ئێستادا کێشە لەنێو باڵی ماڵی تاڵەبانى و باڵی کۆسرەت ڕەسوڵدا هەیە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-16

5599 جار خوێندراوەتەوە

پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت جارێکى دیکە پەردەى لەسەر کێشە و ململانێ ناوخۆییەکانى یەکێتى لادایەوە و هەریەکە لە باڵە سەرەکییەکانى ئەو حزبە دەیانەوێت پشکی گەورەیان لە بەدەستهێنانى پۆستە باڵاکانى حکومەت و پەرلەماندا هەبێت.

بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، لە ئێستادا کێشە لەنێو باڵی ماڵی تاڵەبانى و باڵی کۆسرەت ڕەسوڵدا هەیە و باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ داوا دەکەن لە کابینەى ئەمجارەدا بەشێک لەو پۆستە باڵایانەى دەدرێنە یەکێتى بەر کەسانى سەر بەو باڵە بکەوێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان کۆسرەت ڕەسوڵ داوایکردووە، ئەگەر یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرت، ئەوا یەکێکیان بۆ باڵەکەى ئەو بێت.

زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ پۆستى جێگری سەرۆکی حکومەت قادر حەمەجان و بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمانیش ڕێواس فایەقیان کاندید کردووە.

زانیارییەکان ئەوەش دەخەنەڕوو، ئەگەر لە کابینەى نوێدا سەرۆکی حکومەت دوو جێگری هەبێت، ئەوا پێدەچێت قوباد تاڵەبانی نەبێتە جێگری سەرۆکی حکومەت و پۆستەکە وەرنەگرێتەوە.

ئەو کێشانەش دواى ئەوە دێن کە بەردەوام و لەکاتى نزیکبوونەوەى دانوستانەکان بۆ پێکهێنانى حکومەت ناکۆکی لەناو باڵەکانى یەکێتیدا سەرهەڵدەداتەوە و هەریەکەیان کار بۆ ئەوە دەکەن کەسانى سەر بە ناو باڵەکەى خۆیان پۆستەکانى یەکێتى وەربگرن.

ڕەخنەگرانى دۆخی ئەو حزبەش ئاماژە بەوە دەکەن تەواوى کێشەکانى یەکێتى لەسەر بەدەستهێنانى پۆست و پارەیە و هەریەکەیان دەیانەوێت زۆرترین پشک بۆ خۆیان قۆرخ بکەن.

لە ماوەى ڕابردووشدا و بەهۆی کێشە کەڵەکەبووەکانى ئەو حزبەوە چەندین ئەندام و کادری یەکێتى وازهێنانى خۆیان لە حزبەکە ڕاگەیاندووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، حزبەکەیان لەلایەن چەند کەسێکەوە قۆرخ کراوە.

لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژى ١٤ى ئەم مانگە ئازاد وەرتێ ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندی یەکێتی و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆمار لە بەغدا دەستلەکارکێشانەوەى خۆی لە یەکێتى ڕاگەیاند.

ئازاد وەرتێ لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەى جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی کردووە ئاماژەى بەوە کردووە، لەناو یەکێتیدا دابەشکردنی پۆست بووەتە میزاجی شەخسی و حزبەکە هیچ ئۆرگانێکی یەکلاییکەرەوەی نییە و هەندێ کەسی دەستڕۆیشتوو لەناو حزبدا هەن کە بە نوکی قەڵەمەکانیان هەزاران و بگرە دەیان هەزار دۆلار تەخشان و پەخشان دەکەن.

باسی لەوەش کردووە، پەیکەری ئۆرگانەکانی یەکێتى لە کۆمیتەوە تا مەکتەبی سیاسی و دواتریش سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی سەرلەبەری هەڵوەشاوەتەوە و ئەوەی ئێستا فەرمانڕەوایی یەکێتى دەکات، هێزێکی بەرژەوەندیخوازە و چەند کەسێک بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانە باڵاکان بڕیاردەدەن.

ئازاد وەرتێ جەخت لەوە دەکاتەوە، نادادپەروەری لەناو یەکێتیدا ئەوەندە زۆر بووە کە لە دووتوێی نامەیەکدا جێگای نابێتەوە.

هــ.حــ