سەردێڕ:

بڕیارە هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات

بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەکی فەڕمی دەستپێبكات
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-15

1023 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكە هەوڵەكان بۆ پێکهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە نهێنی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەکی فەڕمی دەستپێبكات.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، دەیانەوێت پێش ئەوەی بچنە كۆبوونەوەكانەوە داواکارییەکانی لایەنەکان بزانن، بۆیە تا ئێستا دەستیان بە كۆبوونەوە نەكردووە.

باسی لەوەش كرد، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكەن بە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتیش دەخەنە بەردەستی لایەنەكان.

هاوکات ئەندامێكی مەكتەبی ڕاگەیاندنی پارتیش دەڵێت، نابێت لایەنەكان زیاتر لە دەنگەكانیان داوای پۆست بكەن و یەكێتیش نابێت بیر لە پەنجا بە پەنجا بكاتەوە.

لەبارەی گۆڕان و كۆمەڵیشەوە دەڵێت، دەبێت ڕوئیایان بگۆڕن، ئەوان نە لە حكومەت سەركەوتوو بوون و نە لە ئۆپۆزسیۆنیش، بۆیە پارتییش بە ڕوئیای جیاواز ئەمجارە گفتوگۆ دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی ئێن ئاڕ تی، یەكێتی بۆ كابینەی نوێ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت بە مافی خۆیان دەزانن.

ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت، یەكێتی بەشدار دەبێت لە حکومەت، بەڵام هاوبەشیشە لە پۆستدا.

گۆڕان و كۆمەڵ تا ئێستاش خۆیان لە نێوان بەشداریکردن لە حکومەت یاخود ئۆپۆزسیۆنبووندا یەکلانەکردووەتەوە و ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش دەڵێت، بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێدا لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت و دواتر دەرگای گفتوگۆ واڵادەكرێت.

شەش هەفتە بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە و تا ئێستا ئەوەی بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە بۆ كابینەی نوێی حكومەت بەشدارنابن و دەبنە ئۆپۆزسێۆنێكی كارا هەریەكە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعین.

س.س