سەردێڕ:

​شاسوار عەبدولواحید : سلێمانی گیرۆدەی دەستی بنەماڵە و چەند سیاسییەکی فاشیلی عەقڵ بچووکە

لەساڵ یادی سلێمانیدا
فۆتۆ: 
2018-11-15

2126 جار خوێندراوەتەوە

لە دواى ڕاپەڕین و دروستبوونى حکومەتى هەرێمەوە، ڕەوشى سلێمانى تا ڕادەیەک هەروەکو خۆى ماوەتەوە و پێشکەوتنى ئەوتۆى بەخۆوە نەبینیوە، لەکاتێکدا ئەم شارە خاوەنى سامانێکى زۆرى نەوت و گازى سروشتییە و سەرەڕاى ئەوەش خاوەنى دوو مەرزى نێودەوڵەتى و چەند مەرزێکى دیکەى نافەرمییە کە ڕۆژانە جموجۆڵێکى گەورەى بازرگانى بەخۆوە دەبینن.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەی نوێ لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک ڕەخنەى توندى لەو کەسانە گرتووە کە بڕیاربەدەست و حاکمى ئێستاى سلێمانین و ئاماژەى بەوە کردووە، لە ئێستادا شاری سلێمانی خراپترین حوکمڕانی هەیە و لەلایەن بنەماڵە و چەند کەسایەتییەکی فاشیلەوە بەڕێوەدەبرێن بەهەمان شێوەى هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە ئەویش گیرۆدەی شکستی حوکمڕانی و سیاسیی تەقلیدیی بێ پلانە

دەشڵێت، ئەمانەی حوکمی سلێمانی دەکەن کۆمەڵە سیاسییەکی بێ خەونی عەقڵ بچووکی چاوچنۆکن، کە نەک خزمەتی سلێمانی ناکەن و لێی نازانن، بگرە هێندە حاقد و کین لە دڵن بەرامبەر بەم شارە، بەردەوام دژایەتی ئەم شارە و خەڵکەکەی دەکەن، هەروەک چۆن کۆمەڵە خەڵکێکی کین لە دڵ بەرامبەر هەولێر، دژایەتی هەولێر و خەڵکی هەولێر دەکەن و ئازاری نەفسی گەنجان و خەڵکەکەی دەدەن.

شاسوار عەبدولواحید باس لە وێنەى کێشراوی ئەو شۆڕشگێڕە ئەمریکییانە دەکات کە ٢٤٢ ساڵ پێش ئێستا بە جلوبەرگ و خۆگۆڕین و دسپلینى تایبەتەوە ڕووبەڕووی بەریتانییەکان بوونەتەوە و دەڵێت، پرسیارەکە ئەوەیە ئێستا دوو بنەماڵەی فەرمانڕەوا چییان کردووە بۆ پێشمەرگە و خەڵکەکەی و دوای ٢٤٢ ساڵ لە مێژووی ئەم وێنەیە، چییان بۆ کوردستان دروستکردووە تا دوای سەدان ساڵی تر شانازی پێوە بکەن؟

پۆستەکەى شاسوار عەبدولواحید کاردانەوەى زۆرى لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدواى خۆیدا هێناوە، هاوڵاتییەک بە ناوى ئیمان گەردى نوسیوویەتى، دەسەڵاتدارانى سلێمانى عەقڵیەتی سیاسەتكردنیان نییە و توانای ئاوەدانكردنەوەى وڵاتیان نییە و دەبنە كۆسپیش لەبەردەم كەسانی باش كە بە دڵ بە خەمی خۆشگوزەرانى وڵاتەكەیانەوەن.

کەسێکى دیکە بە ناوى بەناز خالید نوسیوویەتى، ئەمانە ساڵ بە ساڵ داهێنانی نوێیان هەیە لە درۆکردن و چەقۆدان لە پشتی یەکتری، خاکیان فرۆشت و کردیانە شانازی، بێ پلان کاریان کرد و خۆڵیان کردە چاوی میللەتیان.

ئێستا پارێزگاى سلێمانى ژمارەى دانیشتووانەکەى زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە کە ٩٠٠ هەزار کەسیان لەناو سەنتەرى شارەکەدا دەژین و حکومەتى هەرێم و دەسەڵاتدارانى شارەکە پلانێکى ئەوتۆیان دانەناوە بۆئەوەى لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتووان و گەڕەکەکانى شاردا خزمەتگوزارى پێویست بۆ شارەکە دابین بکات.