سەردێڕ:

بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى بە داڵدەدانى چەند تاوانبارێک تۆمەتبار دەکات

جارێکی دیکە پرسی داڵدەدانی تۆمەتباران لە هەریەکە لە سلێمانی و هەولێر سەریهەڵدایەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-15

1537 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە پرسی داڵدەدانی تۆمەتباران لە هەریەکە لە سلێمانی و هەولێر سەریهەڵدایەوە و بەڕێوەبەری پۆلیسى پارێزگاى هەولێر، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگاى سلێمانى بە داڵدەدانى چەند تاوانبارێک تۆمەتبار دەکات و پۆلیسى سلێمانیش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، تاوانبارەکان لەلای بەرزترین دەسەڵاتی ئەمنی پارێزگای سلێمانییەوە داڵدە دراون.

وتیشی، چەندینجار بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەیان ڕەوانەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە، بەڵام ئامادە نەبوون ڕادەستیان بکەن.

دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕەتیكردەوە كە هیچ تۆمەتبارێك لە سلێمانی داڵدەدرابێت و ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لە سلێمانی ١٤ تۆمەتبار هەبێت لە هەولێر ١١٤ تۆمەتبار هەیە.

لێدوانە دژبەیەکەکانی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی سلێمانی و هەولێر لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا ئێن ئاڕ تی چەند ڕاپۆرتێکی لەسەر داڵدەدانی تۆمەتباران لە سلێمانی و هەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرا، چەندین تۆمەتبار لە هەولێر و سلێمانی داڵدەدراون و دەستگیرنەکراون.

س.س