سەردێڕ:

​بەھۆی کەیسی خاشقچییەوە ئەمریکا سزای بەسەر ١٧ کەسی سعودیدا سەپاند

فۆتۆ: 
2018-11-15

1688 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەھۆی  کوشتنی خاشقچییەوە سزای بەسەر ١٧ کەسی سعودیدا سەپاندووە کە دەستیان ھەبووە لە ڕووداوەکەدا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ناوی ١٧ کەسی بڵاوکردووەتەوە کە سزادراون لەنێویاندا سعود قەحتانی ڕاوێژکاری پێشووی محەمەد بن سەلمان و  محەمەد عتەیبی کونسوڵی سعودی لە تورکیای تێدایە.

سزاکەش بەپێی یاسای "ماگنیتسکی" دراوە کە ناوەڕۆکەکەی دژ بەو کەسانەیە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

ئەمەش لە دوای ئەوە ھات ئەمڕۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سعودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی بڵاوکردەوە و داوادەکات پێنج لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی خاشقچی ھەبووە بکوژرێنەوە و ئەوانەی تریش سزای توند بدرێن.

داواکاری گشتیی سعودیە ئەوەشی ئاشکراکرد، کاری ئەو گروپە ئەمنییەی سعودیە کە چوونەتە تورکیا ھێنانەوەی خاشقچی بووە بۆ سعودیە نەک کوشتنی و بڕیاری ھێنانەوەی خاشقچی بە زۆر بێت یان بە خۆشی لەلایەن جێگری پێشووی سەرۆکی ھەواڵگریی سعودییەوە بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای دروستبوونی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە خاشقچی بە دەرزییەک بێھۆشکراوە و دواتر کوژراوە و پارچەپارچە کراوە.