سەردێڕ:

​پۆلیسی سلێمانی وەڵامی پۆلیسی ھەولێری دایەوە

فۆتۆ: 
2018-11-15

24392 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕادەستکردنەوەى تۆمەتباران وەڵامی پۆلیسی هەولێری دایەوە و دەڵێت، قسەکانى بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر تۆمەتە و  هەرکاتێک نوسراومان ئاراستە بکرێت تۆمەتباران دەستگیردەکەین و ڕادەستیان دەکەینەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دوای تۆمەتباركردنی هێزە ئەمنیەكانی پۆلیسی سلێمانی بەداڵدەدانی تاوانباران لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنین ئەگەر پۆلیسی هەولێر نوسراومان ئاراستە بكەن، هەر تۆمەتبارێكیان هەیە دەستگیری دەكەین‌و ڕادەستیان دەكەین" .

پۆلیسی سلێمانی  ڕاشیگەیاندووە، "چەندین كەس هەن كە تاوان لەشوێنێك ئەنجامدەدەن‌و ڕوو لەشوێنێكی دیكە دەكەن، بەڵام ئەگەر پۆلیسی هەولێرو بەڕێز لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەركەسێك داوادەكەن كە تۆمەتبارەو لەسلێمانیە، ئەوا  با نوسراومان ئاڕاستە بكەن دەستگیریان دەكەین‌و ڕادەستیان دەكەینەوە."

لەدرێژەى بەیاننامەکەدا هاتووە "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند هاوڵاتیەكی بەڕەگەز عەرەب كە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە لەشوێنی دیكە دەستگیرمان كردونەتەوەو ڕادەستی شوێنەكانی خۆیانمان كردۆتەوە، جگەلەوەش دوو هاوڵاتی بەڕەگەز عەرەب ئۆتۆمبێلی جۆری لاندكرۆزیان پێبووە كە تابلۆی ژمارە سلێمانی بوەو لەدیالە  هێرشیانكردۆتەسەر هاوڵاتیانی شارەكە، ئێمە دوای ئەوەی زانیاریمان دەستكەوت، تاوانبارەكانمان دەستگیركردو ڕادەستمان كردونەتەوە".

دەزگای ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەمئاهەنگییەكی باشمان هەیە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان و خواروی عیراقیش ، بۆیە هەر تۆمەتبارێك فەرمانی دەستگیركردنی هەبێت و بگاتە دەست پۆلیسی سلێمانی ئەوا دەستبەجێ‌ لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بەدواچوونی تەواو دەكرێت و فەرمانی گرتنەكە جێبەجێدەكرێت و كەسی داواكراو ڕادەستی شوێنی داواكردنەكەی دەكرێتەوە ."

ئەمەش لە دوای ئەوە هات ئەمڕۆ ١٥ی تشرینى دووەم ، عەبدولخالق تەلعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، پۆلیسی سلێمانی هاوکاریان نیە بۆ دەستگیرکرنى تۆمەتباران لە سنورەکەیاندا.