سەردێڕ:

"یەکێتى زۆربەى پۆستەکانى سلێمانى قۆرخ کردووە و داهاتەکەشى لە ژێر دەستى خۆیدایە"

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-15

1479 جار خوێندراوەتەوە

٢٣٤  ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا تێپەڕی، شارێک کە لە ساتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بەدەست ململانێ و پەراوێزخستنییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لە ئەزموونی ٢٧ ساڵەی دوای ڕاپەڕیندا.

ساڵی ١٧٨٤ ئیبراھیم پاشای بابان شاری سلێمانی ئاوەدانکردەوە دوای ئەوەی پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە سلێمانی، ساڵی ١٩٢٢ ھەتا ١٩٢٤ شارەکە پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە و بەردەوام مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین بووە.

ھێشتا مێژووی پەراوێزخستنی ئەو شارە کۆتایی نەھاتووە، کە لە ئێستادا پایتەختی ڕۆشنبیری ھەرێمی کوردستانە و بە مەڵبەندی بازرگانی و ڕۆشنبیریی دادەنرێت.

لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ەوە سلێمانی لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندایە و ئەو حزبە تا ئێستاش ئەو پارێزگایەی بۆ خۆی قۆرخکردووە و بەردەوامیش بەھۆی ململانێی باڵەکانی ناو ئەو حزبەوە بووەتە قوربانی و خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ ئەنجام نەدراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ئەو حزبە سەرجەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ھاوڵاتییانی شارەکەی لە دژی خراپی دۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان بە ھێز سەرکوتکردووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە ھۆی کۆتاییھێنان بە ناڕەزایی ھاوڵاتییان.

هەروەها یەکێتى قۆرخى زۆربەى زۆرى پۆستەکانى سلێمانیی کردووە و داهاتەکەشى لەژێر دەستى خۆیدایە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانى ڕابردوودا و سەرەڕاى ئەنجامدانى ساختەکاریی نەیتوانیوە لەو شارەدا بیباتەوە، تەنانەت لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیشدا ئەو حزبە نەیتوانى سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە ڕێگاوبانەکانی سلێمانی بەرەو خراپبوونی زیاتر دەڕۆن، بەرپرسانی شارەکە لەبری دروستکردنی شەقامی نوێ تەنیا پینەی شەقامە سەرەکییەکان دەکەن.

ھەروەھا بەھۆی خراپی و پشتگوێخستنییەوە لەلایەن حکومەتەوە، بەشێکی زۆری گەنجانی شارەکە بێکارن و ھەندێکیان شارەکەیان بەرەو ھەندەران بەجێھێشتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی باڵای یەکێتی بەردەوام باس لەوە دەکەن کە خزمەتی سلێمانی دەکەن و بانگەشەی ئارامی دەکەن بۆ ئەو شارە کە لە بەرداشی ململانێی نێوان باڵەکانی ئەو حزبەدا بەردەوام قوربانییەکی سەرەکی بووە.

بەشێک لە ھاوڵاتییان جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستبوو لە ساڵیادی شارەکەدا حکومەتی ھەرێم و بەرپرسانی شارەکە بە کردنەوەی پرۆژەی گرنگی جۆراوجۆر یادی دامەزراندنی سلێمانییان بکردایەتەوە، نەک تەنھا چەند چالاکییەکى تەرفیهى ئەنجام بدەن و دواتر شارەکەیان بیربچێتەوە.