سەردێڕ:

بەریتانیا و یەکێتى ئەوروپا لەسەر گرێبەستێک بۆ جیابوونەوەى بەریتانیا ڕێککەوتن

فۆتۆ: 
2018-11-14

946 جار خوێندراوەتەوە

وێڕای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ و پێنج مانگ بەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسیی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام هەنگاوەکان بە سستی بەڕێوەدەچن و ناکۆکی لەنێو حکومەتی لەندەندا هەیە سەبارەت بە سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیران.

بەریتانیا خوازیارە یەکێتی ئەوروپا بە چوار مەرج کە خستوویەتییەڕوو ڕازی ببێت، کە چەندین جار لەلایەن یەکێتییەکەوە ڕەتکراونەتەوە، کە بریتین لە مسۆگەرکردنی هەلەکانی کار بەتایبەت لە کەرتی دارایی لە نێوان هەردوولا و پاراستنی سنوور، پەلەکردن لە دانانی پلانێک بۆ بازرگانی ئازاد لە نێوان هەردوولا لە دوای پرۆسەی جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا، هێشتنەوەی بەریتانیا لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوودا کە خۆی لە هەرچوار وڵاتی ئینگلتەرا و وێڵز و ئیسکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوردا دەبینێتەوە.

بەڵام لە ئێستاشدا تەنیا یەک خاڵیان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە کە ئەویش ئاسایشی بەریتانیایە بەوپێیەی کاریگەریی لەسەر ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا دەبێت.

لەلایەکی ترەوە به‌ریتانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌و گرێبه‌سته‌ ڕێكکه‌وتوون كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ و بابەتی سنووری ئێرله‌نداش كه‌ دوا خاڵی ئاڵۆزی دانوستانه‌كان بوو، یه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێكکه‌وتنێكی تۆکمە.

به‌پێی دەقی ڕێککەوتنەکە ڕێوشوێنێكی كاتی بۆ به‌ریتانیا داده‌نرێت به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئێرله‌ندای باكور كه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی حاڵه‌تێكی تایبه‌ت بۆ خۆلادان له‌ دانانی سنووری به‌رجه‌سته‌ له ‌نێوان ئێرله‌ندای باكور و كۆماری ئێرله‌ندادا.

ئەوە لەکاتێکدایە، تێرێزا مەی پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە دەسەڵات بداتە وڵاتەکەی کۆنترۆڵی یاسا تایبەتەکانی خۆی بکات سەبارەت بە سنوورەکان و بواری دارایی، لەگەڵ دەستکراوەیی لە واژۆکردنی گرێبەستی بازرگانی و پاراستنی ئاساییش و هەلی کار.

مانگی تەموزی ڕابردووش بۆریس جۆنسۆن کە یەکێکبوو لەو کەسانەی سەرسەختانە داکۆکی لە چونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرد، دەستی لە کار کێشایەوە، چونکە پێیوابوو ستراتیژییەتی مەی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دوای دەرچوونی لە یەکێتییەکە وادەکات بەریتانیا وەک وڵاتێکی داگیرکراوی لێبێت.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە ئێستادا خوازیارن دانوستانەکانی دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکى خێراتر بەڕێوەبچێت تا لە ٢٥ی ئەم مانگەدا بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئامادەکاری تەواو دەکەن تا لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٩دا لە یەکێتییەکە جیاببنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، لەڕووی یاساییشەوە چونەدەرەوەى هەر وڵاتێک لە یەکێتی ئەوروپادا بەپێى ماددەی ٥٠ی پەیماننامەی لشبۆنە دیاریکراوە و بەلایەنى کەمەوە ڕێوشوێنەکانى چونەدەرەوە دوو ساڵ دەخایەنێت.

٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٦ نزیکەی ٥٢%ی هاوڵاتییانی بەریتانیا دەنگیان بە جیابوونەوەی وڵاتەکەیان دا لە یەکێتی ئەوروپا.

بە وتەی جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئۆپۆزسیۆن لە بەریتانیا، مامەڵە خراپەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتەکەی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کۆنترۆڵنەکردنی دۆخی ئابووری و پەراوێزخستنی ناوچە هەژارەکان، لەپشت بڕیاری گەلی بەریتانیاوە بووە لە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا.