سەردێڕ:

ئەندامێکى ئەنجومەنى ناوەندی یەکێتی دەستی لەکارکێشایەوە

ئازاد وەرتێ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆمار لە بەغدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2018-11-14

32393 جار خوێندراوەتەوە

 ئازاد وەرتێ ئەندامێکى ئەنجومەنى ناوەندی یەکێتی و راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆمار لە بەغدا دەستلەکارکێشانەوەى خۆی ڕاگەیاند.

ئازاد وەرتێ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆمار لە بەغدا لە نامەیەکدا کە ئاراستەى جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتى کردووە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕوونکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، لەناو یەکێتیدا دابەشکردنی پۆست بۆتە میزاجی شەخسی حزبەکە هیچ ئۆرگانێکی یەکلاییکەرەوەی نییە و هەندێ کەسی دەستڕۆیشتوو لەناو حزبدا هەن بە نوکێکی قەڵەمەکانیان هەزاران و بگرە دەیان هەزار دۆلار تەخشان و پەخشان دەکەن.

باسی لەوەش کردووە، "پەیکەری ئۆرگانەکانی لە کۆمیتەوە تا مەکتەبی سیاسی و دواتریش سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی سەرلەبەری هەڵوەشاوەتەوە و ئەوەی ئێستا فەرمانڕەوایی دەکات نە هەڵبژێردراوی کۆنگرەیە نە ئۆرگانی حزبییە و نە مەکتەبی سیاسییە و نە سەرکردایەتی و نە ئەنجومەنی ناوەندیشە،  بەڵکو هێزێکی بەرژەوەندی و ناوەندێکی هەژموونیی پەرتەوازەییە، کە چەند کەسێک بە بڕیاری بێ دیراسە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانە باڵاکان بڕیار دەدەن."

ڕونیشیکردووەتەوە، "ئەو کۆمەڵە کەسە مۆنۆپۆلی پارە و داهاتی یەکێتییان کردووە و کەس نەزانێ یەکێتی خاوەن چەند موڵک و بەرژەوەندییە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات؟"

هەر لە نامەکەدا ئازاد وەرتێ ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئێستا یەکێتی لە هەڵوەرینی بەردەوامدایە و لەسەر لێواری هەڵدێرێکی ترسناکدایە و هیچ ئۆرگانێکی کاریگەری ڕێکخراوەیی نەماوە و خەسڵەتەکانی حزبی تێدا نەماوە.

ئەوەشی وتووە، "یەکێتی کەسانێک ئەنێرێتە دەرەوەی وڵات تەنیا بۆ جەوێک، کەچی سەدان و هەزاران پێشمەرگەی پەککەوتەی سەر جێگا هەن خەون بە تەندروستی ساغەوە دەبینن، بەڵام یەکێتی ئۆرگانی دامەزراوەیی ڕێکخراوەیی نەماوە، کاری تەنیا بۆ کەسوکارە نزیکەکانی دەستڕۆیشتووەکانە و خەونەکانی کەمئەندامانی سەنگەریش هەرگیز نایەتەدی."

ئەوەشی وتووە، "نادادپەروەری یەکێتی ئەوەندە زۆرن لە دووتوێی نامەیەکدا جێگای نابێتەوە، ئەو نادادپەروەرییە هەرگیز لە فەلسەفە و مێژووی حزبێک ناوەشێتەوە."

هــ.حــ