سەردێڕ:

بانکى ناوەندیی عێراق ڕوونکردنەوەیەکى لەسەر تەڕبوونى ٧ ملیار دینارەکە بڵاوکردەوە

فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

1197 جار خوێندراوەتەوە

بانکى ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندووە، تەڕبوونى ئەو ٧ ملیار دینارە لە ساڵی ٢٠١٣دا بووە کە سەرۆکى بانکی ناوەندی ئەوکاتەش عەبدولباست تورکی بووە و لەکاتی خۆیشیدا ڕێکاری یاسایی لەوبارەوە گیراوەتەبەر.

بانکى ناوەندى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەپێی یاساکانی بانکی ناوەندی هەر دراوێک خراپ ببیت دەگۆڕدرێت و ئەوەش بە شێوەیەکى بەردەوام لەلایەن بانکەکەوە دەکرێت و تێچوونى کارەکەش بەهای پارە خراپبووەکە نییە، بەڵکو تەنها تەنها خەرجی کڕینی کاغەز و چاپکردنى پارەکەیە کە ڕێژەکەى زۆر کەمە.

ئەوەشی تێدا هاتووە، بانکی ناوەندی زۆری پێ سەیرە کە دوای پێنج ساڵ ئەم بابەتە وروژێنراوە و بووەتە پرسی ڕاگەیاندنەوەکان، لەکاتێکدا پێشتر و لەکاتی خۆیدا ڕێکاری یاسایی تەواو لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر.

ئەمەش لەدوای ئەوە هات، عەلی عەلاق سەرۆکى بانکی ناوەندی عێراق لە پەرلەمان ڕایگەیاند، ٧ ملیار دینار بەهۆی تەڕبوونییەوە خراپبووە و ئەمەش توڕەیی لەناو شەقامی عێراقی بە گشتى و چالاکانی مەدەنی بەتایبەت دروستکرد.