سەردێڕ:

​نەوەى نوێ ڕەتیدەکاتەوە لە پاى ئەندامێتى لە لیژنەکان بچێتە بەرەى پارتى و یەکێتییەوە

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-14

1346 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق لە بەشێک لە پرسەکاندا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەتایبەتى لە پرسی پێکهێنانى لیژنەکانى پەرلەماندا کە لە دانیشتنى ١٠ى ئەم مانگەدا دەنگ لەسەر بەشێکیان درا.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ هەندێ لە فراکسیۆنە کوردییەکان تۆمەتباردەکات بەوەى لە بەغدا هەماهەنگییان لەگەڵ پارتى و یەکێتیدا کردووە، لەکاتێکدا لایەنەکانى ئەو فراکسیۆنانە لە هەرێمى کوردستان ڕەخنە لە پارتى و یەکێتى دەگرن.

سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتارى نەوەى نوێ لە بەغدا دەڵێت، ئەوان لە بەغدا وەک تاکە لایەن هیچ هەماهەنگی و هاوپەیمانییەکیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی نەکردووە و ناشیکەن، چونکە ئەوان ئەو دوو حزبە بە دوو هێزی ناشیرین دەزانن و ئامادەنین بۆ پۆست و دەستکەوت ببنە برایان.

لیژنەکانى پەرلەمانى عێراق لەم خولەدا بۆ ٢٢ لیژنە کەمکراونەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر لە ٢٧ لیژنە پێکهاتبوو، بەشێک لە لیژنەکان یەکلاکراونەتەوە و بەشێکى دیکەشیان هێشتا ماوە یەکلا بکرێنەوە.

میران محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراقیش لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، پێکهێنانی لیژنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق جیاوازە لە خولەکانی دیکە و بەرکەوتی فراکسیۆنەکان بەپێی کورسی و قەبارەی خۆیانە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕاستە لەسەر بەدەستهێنانی پۆست ناکۆکی لە نێوان بەشێک لە لایەنەکان هەبووە، بەڵام بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی یاخود سەرۆکایەتی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق هەماهەنگی لە نێوان فراکسیۆنە کوردییەکاندا هەبووە و ناکۆکییەکانیان وەلا ناوە و کاریان بۆ یەکدی کردووە.

لە کۆى ٢٢ لیژنەى پەرلەمانى عێراق، تا ئێستا سەرۆک و ئەندامانى ١٨ لیژنە دیاریکراون کە سەرۆکایەتى هیچ یەکێک لەو لیژنانە بەر فراکسیۆنە کوردییەکان نەکەوتووە و پەرلەمانیش ڕایگەیاندووە کە دەکرێت دەستکاریی پێکهاتەى لیژنەکان بکرێت.