سەردێڕ:

"گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەتی هەرێم بە نهێنى بەڕێوەدەچن"

فۆتۆ: 
2018-11-14

3051 جار خوێندراوەتەوە

شەش هەفتە بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە و تا ئێستاش بە شێوازێکی فەرمی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستی پێ نەکردووە، بەڵام زۆرینەى ئاماژەکان بۆ ئەوەن کابینەى نوێی حکومەت لەلایەن پارتى و یەکێتى و گۆڕان و کۆمەڵەوە پێکبهێنرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، هەرچەندە پێشتر پارتی لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوتووە سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوو جێگری هەبێت و جێگرێکیان بۆ گۆڕان بێت و مستەفای سەید قادریش پۆستەکە وەربگرێت، بەڵام لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا یەکێتی و پارتی گفتوگۆیان کردووە و یەکێتی داواى کردووە سەرۆکى حکومەت تەنها یەک جێگری هەبێت ئەویش بۆ یەکێتی بێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان پێشنیازی دانانى دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت لابراوە و هاوشێوەى کابینەکانى پێشوو سەرۆکی حکومەت یەک جێگری دەبێت کە بۆ یەکێتی دانراوە.

بەپێی زانیارییەکان دوو بۆچوون له‌ناو پارتى هه‌یه‌ له‌باره‌ى به‌شداریكردنى یه‌كێتیى له‌ كابینه‌ى داهاتوو، به‌شێكیان کە بە باڵى ناكۆك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناودەبرێن پێیانوایه‌ به‌شداریكردنى یه‌كێتیى ده‌بێ له‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و چوار وه‌زاره‌ت تێپه‌ڕنه‌كات، له ‌به‌رامبه‌ردا به‌شەكه‌ى دیكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌گه‌ڵ پێدانى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت پێویسته‌ پێنج وه‌زاره‌ت له‌نێویشیان دوو وه‌زاره‌تى سیادى به‌و حزبه‌ بدرێت، ئه‌و بۆچوونه‌ش فازڵ میرانى و نێچیرڤان بارزانى پشتگیرى ده‌كه‌ن.

هاوکات بەهۆی پێداگیرییەکانى یەکێتییەوە، پارتی پێشنیازی بۆ گۆڕان کردووە لەبری وەرگرتنى جێگری سەرۆکی حکومەت چوار وەزارەتیان پێ دەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتوون، گۆڕان پێشنیازەکەی پارتیی قبوڵکردووە و داوای وەزارەتی دارایی کردووە، پارتییش نەرمیی نواندووە.

بەڵام گۆڕان بڕیاری بەشداریکردنی دواخستووە بەهۆی ترس لە قاعیدەی جەماوەری گۆڕان. ئەو ڕێککەوتنانەى پارتى و گۆڕان دواى ئەوە دێن لە کابینەى هەشتەمی حکومەتدا، گۆڕان چوار وەزارەت و چەند دەستەیەکی پێدرابوو، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانیش لاى گۆڕان بوو، بەڵام دوای ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر و تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان، پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە گرژی تێکەوت و پارتی چوار وەزیرەکەى گۆڕانى لە حکومەت دەرکرد و لەکاتى نزیکبوونەوەش لە کۆتایی ماوەى کابینەکە گۆڕان کشانەوەى خۆی لە حکومەت ڕاگەیاند.

لە ئێستاشدا هەریەکە لە نەوەى نوێ و یەکگرتووی ئێسلامی بە شێوەى فەرمی ڕایانگەیاندووە کە بەشداریى لە کابینەى نوێی حکومەت ناکەن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لەڕێگەی عەبدولستار مەجیدەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە گفتوگۆدایە بۆ وەرگرتنی چەند وەزارەتێک بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و بەشداریکردن لە حکومەتدا.

هەر بەپێی زانیارییەکان پارتى بەهۆی ڕووداوەکانى خولی پێشووەوە جگە لە پۆستى سەرۆکى حکومەت هاوکات دەیەوێت سەرۆکی پەرلەمانیش لاى خۆی بێت بۆئەوەى لەم خولەدا کە خاوەنى ٤٥ کورسییە بەبێ بەربەست دەستور و تەواوى ئەو یاسایانەش تێپەڕێنێت کە خۆی مەبەستێتی بەتایبەت هەموارکردنەوەى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم.

بە وتەى ڕەخنەگران، لەبری هەڵبژاردنى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و ئاشتکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانى، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەڕێگەی بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى خۆیانەوە ویستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت دەرخستووە و دەیانەوێت بەشداریی کابینەی نوێی حکومەت بکەنەوە، لەکاتێکدا ئەمەش سوود بە دەسەڵات دەگەیەنێت و نابێتە هۆی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و فشار لەسەر پارتی و یەکێتی کەمدەکاتەوە.

ڕەخنەگران باس لەوەش دەکەن، بەهۆی ڕێگری و ئەزموونى خراپی کابینەى هەشتەوە دەبوایە حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەرگیز بیریان لە چوونەوە ناو حکومەت نەکردایەتەوە کە بڕیاردەرى سەرەکی تێیدا تەنها دوو بنەماڵەن، هەوڵەکانی ئێستای ئەو حزبانەش بۆ چوونە ناو حکومەت پێچەوانەی هەڵوێستەکانى ڕابردوویانە کە بەردەوام ڕەخنەیان لە خراپی حوکمڕانی پارتی و یەکێتى گرتووە.

ع.م