سەردێڕ:

دادگای کەرخ ڕاستاندنی بۆ وتەکانی حەمزە کوردیی والی کەرکوکی داعش کرد

فۆتۆ: 
2018-11-14

2496 جار خوێندراوەتەوە

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی تایبەت بە کێشەکانی تیرۆر لە سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی کەرخی فیدراڵی ڕاستاندنی بۆ قسە و دانپێدانانەکانی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی داعش کرد، کە بە ئەبو حەمزەی کوردی والی ڕێکخراوەکە لە کەرکوک ناسراوە و دەستی هەبووە لە بەدیلگرتنی پێشمەرگەدا.

لە بەیاننامەیەکدا کە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، "تۆمەتبار بەرپرس بووە لە زۆرێک لە کردەوە تیرۆریستییەکان و پۆستی والی باکوری بەغدای هەبووە و چەندین تۆماری ڤیدیۆیی هەیە، بەر لەوەی بکرێتە والی کەرکوکی داعش".

بەیاننامەکەی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، لە دیارترین ئەو کردەوانەی کە تۆمەتبار ئەنجامی داوە، دەستبەسەرکردنی ٢١ کەس لە ئەفسەر و پێشمەرگەدا بووە کە بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە تۆماری ڤیدیۆیی لێ گرتوون، کاتێک خراونەتە ناو قەفەزی ئاسنینەوە و بەناو شاری موسڵدا گێڕاونی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دادگا ڕایگەیاندووە، قسەکانی تۆمەتبار لەلایەن دادگاوە ڕاستێنراوە و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بەگوێرەی مادەی ١ی تیرۆر لە بەرامبەری گیراوەتە بەر.

ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانی کۆنترۆڵی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری کەرکوک بکات، بەر لەوەی سوپای عێراق بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو ناوچانەیان لەدەست کۆنترۆڵ بکەنەوە.

ع.م