سەردێڕ:

بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانی بەغدا لە هەوڵی رازیکردنی واشنتۆندایە

ئاڵاکانی عێراق و ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

750 جار خوێندراوەتەوە

دوو بەرپرسی باڵای حکومی عێراق ڕایانگەیاند، عێراق و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر هاوردەکردنی غازی ئێرانی لەبەرامبەر خۆراکی عێراقدا و بۆ ئەوەش عێراق داوای ڕەزامەندی لە ئەمریکا دەکات.

ئەو دوو بەرپرسە باڵایە کە ئەندامی لیژنەی وزاری تایبەت بە وزەن، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، حکومەتی عێراق ئێستا لە هەوڵی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمریکادایە سەبارەت بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی کە عێراق بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاریدەهێنێت .

یەکێک لە بەرپرسەکان وتوویەتی، ئەمریکا ٤٥ ڕۆژی بۆ عێراق دیاریکردووە تا کۆتایی بە هاوردەکردنی غازی ئێران بهێنێت بەڵام ئەو وادەیە بەسنیە بۆ ئەوەی عێراق سەرچاوەیەکی جێگرەوە بۆ غازی ئێرانی بدۆزێتەوە.

بەرپرسەکە وتوشیەتی، ڕاگرتنی هاوردەی غازی ئێرانی قەیرانێکی ڕاستەقینەی کارەبا دروستدەکات، هەروەها ئەمریکاش ئاگادارە کە عێراق چەندە پێویستی بە غازی ئێرانی هەیە.

بەرپرسەکەی دیکەش ڕایگەیاندووە، عێراق بە فەرمی داوا لە ئەمریکا دەکات کە وادەی بەخشینی هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق درێژبکاتەوە.

بەرپرسەکە وتوشیەتی، عێراق پێشنیازیکردووە لەبەرامبەر غازەکەیدا، خۆراک و هاوکاری مرۆیی بە ئێران ببەخشێت و ئێرانیش ئەو پێشنیازەی قبوڵکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمریکا قۆناغی دووەمی سزاکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاندووە کە کەرتە گرنگەکانی وڵاتەکە دەگرێتەوە لە نێویشیاندا کەرتی وزە، داواش لە وڵاتان دەکات کە مامەڵەی بازرگانی نەوت و غاز لەگەڵ ئێراندا کۆتایی پێبێنن، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی عێراقی لەو سزایانە بەخشیووە.

ش.ق