سەردێڕ:

کەسی دووەمی سەردەمی شەڕی داگیرکردنی عێراق بووە باڵیۆزی ئەمریکا لە سعودیە

جۆن ئەبی زەید کەسی دووەمی سەردەمی شەڕی داگیرکردنی عێراق بووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

1681 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ جۆن ئەبی زەید فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکای لە کاتی جەنگی عێراق کاندید کردووە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕیاز.

جۆن ئەبی زەید ژەنڕاڵی خانەنشینە و لە ئێستا لە زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکا وانە دەڵێتەوە و ڕاوێژکاریشە لە کۆمپانیای (جی بی ئەسۆشییەتس).

لە ئێستاشدا بڕیاری دەستبەکاربوونەوەکەی چاوەڕوانی ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیران دەکات، بەر لەوەی دەستبەکار بێت لە پۆستەکەی لە سعودیە.

ژەنڕاڵ جۆن ئەبی زەید لە دایکبووی ساڵی ١٩٥١و لە نەوەی کۆچبەرە لوبنانییەکانە کە چوونەتە ئەمریکا و زمانی عەرەبی زۆر بە باشی دەزانێت.

پێشتر لە زانکۆی ئوردن وانەی وتووەتەوە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی هارڤارد.

لە کاتی جەنگی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەبی زەید کەسی دووەمی ناو سوپای ئەمریکا بووە، دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پۆستی فەرماندەی فەرماندەیی ئەمریکای وەرگرت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جێگەی ژەنڕال تۆمی فڕانکس.

ع.م