سەردێڕ:

حەلبوسی: هۆشداریدا لە گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچە ئازادکراوەکان

مەترسی هەیە داعش بگەڕێتەوە ناوچە ئازادکراوەکان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

1191 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایکرد، ڕێگری بکرێت لە ڕێکخراوی داعش کە جارێکی تر بگەڕێتەوە شارە ئازادکراوەکان.

حەلبوسی لە وتەیەکدا کە لە ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی ئەنبار پێشکەشیکرد، ستایشی هێزە ئەمنییەکان و ڕێکخراوە تایبەتەکانی کرد کە هەوڵیانداوە بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ پارێزگای ئەنبار و پشتیوانیکردن لە حکومەتی ناوخۆیی لەم قۆناغەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت چاو دابخرێت لەو دۆخە ئەمنییەی کە لە وڵاتدا هەیە و کاربکەن بۆ چەسپاندنی زیاتر و بنەمایەکی ئەوتۆی بۆ بڕەخسێنرێت، کە ببێتە هۆی ئارامی و ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ ناوچەکە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، ئەوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی گەرمی سەر بە پارێزگای ئەنبار ڕوویدا پێشێلکارییەکی ئەمنییە و جێی داخە و مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی بەپەلەی تیابکرێت و ڕێگە نەدرێت بەو ڕێکخراوە تاوانکارە جارێکی تر دزە بکاتەوە ناو ڕیزەکانیان، چونکە باجێکی گەورە لە پێناو ڕزگارکردنی شارەکەدا دراوە.

ڕوونیشیکردوە، ڕووبەڕووی زۆر بەربەست و کێشە بوینەتەوە، بە تایبەت کاتێک هاووڵاتی هەست بە دودڵی دەکات و پرسیاری هەیە کە ئاخۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕەوشێکی ئاوادا دەکرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا حەلبوسی جەختیکردەوە، چۆن بەرپەرچی تیرۆریان دایەوە، چاکسازیش  پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی گەندەڵکاران و بەهێزکردنی دەزگای نەزاهەی نیشتمانی هەیە.

ئەو وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە، لە ماوەی ئەم مانگەدا چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق و نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە جموجوڵکردووەتەوە، بە تایبەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە بۆسەیەکدا کە بۆ هێزێکی حەشدی شەعبیان نابۆوە، ئەفسەرێک و ٧ چەکداری ئەو هێزە کوژران.

ع.م