سەردێڕ:

پایتەختی رۆشنبیریی یادی ٢٣٤ ساڵەی بنیادنانی دەکاتەوە

پایتەختی رۆشنبیریی یادی ٢٣٤ ساڵەی بنیاتنانی دەکاتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

1045 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یادی ٢٣٤ ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانییە، بەو بۆنەیەوە لەماوەی سێ رۆژدا لەچەند شوێنێکی شارەکە، چەندین چالاکی ئەدەبی و هونەری و کولتووری بەڕێوەدەچن.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، مەریوان مەسعود لە لیژنەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکانی یادی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ماوەی سێ ساڵە نەتوانراوە بەفەرمی ئەو یادەبکرێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ یادەکە دەکەینەوە و لەماوەی سێ ڕۆژدا چەندین چالاکی هونەری و رۆشنبیریی لەشوێنە جیاجیاکانی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچن.

لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان، مەریوان مەسعود وتی" بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان و بەڕێوەچوونی ئەو یادە ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دینار تەرخانکراوە".

یادەکە ئەمڕۆ چوارشەممە (١٤ ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ لە سەرای سلێمانی دەستپێدەکات، بۆ یەکەمجار لە گەلەری و ژوورەکانی سەرا چەندین چالاکیی ئەنجامدەدرێت، کە شوێنێکی مێژوویی شارەکەیەو لەماوەی رابردوودا نۆژەنکراوەتەوە.

لە یەکەم رۆژ و لە دەستپێکی یادەکەدا لەناو گەلەری و ژوورەکانی سەرای سلێمانیدا ئەم پێشانگایانە دەکرێنەوە "پێشانگای کتێبە کوردییەکان، پێشانگای شێوەکارانی سلێمانی، پێشانگای فۆتۆگرافی کەسایەتییەکانی سلێمانی، پێشانگای فۆلکلۆری بەڕێوەبەرایەتی کارگەی مافووری سلێمانی، نمایشی پیشاندانی ماڵی سۆفی کەریمی سەراج، نمایشی پێشاندانی ماڵی شێخ دارای کەشناسی، نمایشی کێشانی تابلۆی راستەوخۆی ئامادەبوون، نمایشی ئیشی دەستیی خانمانی دەستڕەنگین، نمایشی خەجێ خانم بۆ خواردنی وشکە و نانی کوردەواری و شیرەمەنی، نمایشی خواردنی کوردەواری سلێمانی لەلایەن خاتوو کەلسوم، نمایشی شیرینی تایبەت بەسلێمانی، نمایشی دیمەنی حەمامی کۆنی سلێمانی و خەنەبەندان".

لەهەمان رۆژدا لەسەر ستەیجی سەرای سلێمانی، بەنمایشی هەڵپەڕکێی کوردی و وتار و رێزلێنان و لەچەند کەسایەتییەکی شار و پێشکەشکردنی گۆرانی و خوێندنەوەی شیعر و نمایشی جلوبەرگ پێشکەشدەکرێن.

لە ڕۆژی دووەمی یادەکەدا بەرێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری  و هونەری سلێمانی بەهاوبەشیی سەنتەری رۆشنبیریی سەرا سەربەمنداڵپارێزی کوردستان. بە کردنەوەی پێشانگای کاریکاتێری و پێشکەشکردنی گۆرانی میللی و چەند پانێڵێکی تایبەت لەسەر کولتوورو رۆشنبیریی بەڕێوەدەچن.

لە رۆژی سێیەمی یادەکەدا جگە لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵێکی رووناکبیر، بە بەشداری رۆشنبیران و هونەرمەندان لە کۆڕێکی تایبەتدا باس لە نەبوونی رەخنە دەکەن لەو چالاکییانەی کە ئەنجامدەدرێن و هەڵنەسەنگاندنی چالاکییە هونەریی و رۆشنبیرییەکان لەڕووی باشی و خراپییانەوە دەکرێت.

جگە لەم چالاکییانە کە بەفەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە ئەنجامدەدرێن، چەندین چالاکی تری هونەری و رۆشنبیریی لەلایەن سەنتەر و رێکخراو و گروپە هونەرییەکانی ترەوە بەڕێوەدەچن.

Image result for ‫سەرای کۆنی سلێمانی‬‎

شاری سلێمانی، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان بنیادنراوە، ئەوکات پایتەختەکەی له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ گواستووەتەوە‌ بۆ سلێمانی و زیاتر لە نیو سەدە پایتەختی میرنشینی بابان بووە. لەسەردەمی شێخ مەحمودی حەفیددا دوو ساڵ پایتەختی حکومەتەکەی ئەو بووە. شارەکە شوێنی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان بووە و پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام و مەسیحی و جولەکە و کاکەیی و زەردەشتی تێدا دەژین. لەرابردووە وە تا ئێستا چەندین کەسایەتی دیاری بەناوبانگی تێدا دەرکەوتووە، لەبوارەکانی ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیریدا. چەندین ناوەندی رۆشنبیری و هونەری و  دەزگاو دامەزراوەی مەدەنی و میدیایی تێدا دەرکەوتووە و گەشەیان کردووە و لەسەر ئاستی عێراق ناوبانگێکی زۆری هەیە. بەهۆی مێژووە درێژو بەرفراوانەکەی لە بواری رۆشنبیریدا کراوەتە پایتەختی رۆشنبیری.

ش.ق