سەردێڕ:

فۆرین پۆڵیسی: محەمەد بن سەلمان سەدامی داهاتووە

سەدام حسێن و محەمەد بن سەلمان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

9290 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمریکی لە بابەتێکی شیکاریدا محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە بە سەدام حسێنی داهاتوو ناوزەد دەکات.

بابەتەکە لەلایەن هەردوو نووسەر رایان کۆستێلۆ و سینا تۆسییەوە نووسراوە و تیایدا باسلەوەدەکەن، ئەمریکا لە ساڵانی هەشتاکاندا "زۆردار"ێکی (سەدام حسێن) رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ئامێزگرت هەرلەبەرئەوەی دژی ئێران بوو، بەڵام نابێت ئەمریکا ئەو هەڵەیە لەرێی محەمەد بن سەلمانەوە دووبارە بکاتەوە.

محەمەد بن سەلمان بە کاردانەوەی کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی و وتارنووسی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە تووشی شۆک بووە. بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەدواین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ جارید کوشنەر زاوا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، گومانی محەمەد بن سەلمان لەبارەی توڕەیی ئەمریکا لەسەر رووداوەکە گۆڕاوە بە توڕەیی ناوبراو لە ئەمریکا، بەجۆرێک وا هەستیکردووە کە سعودیە لەلایەن رۆژئاواوە "خیانەت"ی لێکراوە و هەڕەشەی کردووە کە بەدوای هاوپەیمانی بیانی دیکەدا دەگەڕێت.

توڕەیی سعودیە لە ئەمریکا کە وەک هاوپەیمانێکی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار لەدژی ئێران دەکات یەکەمجار نییە. لەڕاستیدا، هەوڵەکانی جێنشینی پادشای سعودیە بۆ دەسەڵات هاوشێوەی هاوپەیمانێکی پێشووی ئەمریکایە کە دواتر بە سەختی دەتوانێت پەی بە"دڕندەیی" ببات: ئەویش سەدام حسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراقە.

ساڵانێک پێش ئەوەی سەدام ببێتە دوژمنی واشنتۆن، خۆشییەکی زۆری لە پشتگیرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواوە دەبینی. ئەم پشتگیرییە کۆتایی هات دوای ئەوەی سەدام بڕیاری دا لە ساڵی ١٩٩٠دا کوەیت داگیربکات. بەڵام هۆکاری ئەو پێکدادانە و پشتگیری پێشتری واشنتۆن بۆ سەدام و نەبوونی کاردانەوەی خێرا بۆ کوشتنی خاشقچی، وانەیەکی بەرجەستە فێری ئەمریکا دەکات لە ئەمڕۆدا.

بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەردەوام و دڕندانەی محەمەد بن سەلمان بە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی رکابەرە ناوخۆییەکانی دەناسرێتەوە. تۆبی دۆج راوێژکاری باڵا لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵی رابردوو بە ماڵپەڕی بلومبێرگی وتووە "ئەو کارەی محەمەد بن سەلمانه هاوشێوەی کارەکانی سەدام حسێنی لاوە کە لە ساڵی ١٩٧٩دا لەڕێی پارتەکەیەوە کە دەسەڵاتدار بوو بۆ گۆڕینی هێرشی نەتەوەیی کردی". سەرنجی دەسەڵات لە گەنجێکی هەڵپەکاردا هاوشێوەی پێشوو جێگەی نیگەرانییە". پشتگیری بەردەوامی واشنتۆن بۆ سەدام لەمیانی ساڵانی ٨٠کاندا نەک تەنیا بووە هۆی ئەنجامدانی کاری کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەی خۆی و وڵاتانی دراوسێی، بەڵکو لە کۆتاییدا بە هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کۆتایی هات.

پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٦٣دا دەستیپێکرد، وەک رۆجەر مۆریس بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی باسی لێوەدەکات، کاتێک سی ئای ئەی لەژێر دەسەڵاتی جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەدام کودەتایەکیان بۆ لەسەرکارلابردنی عەبدولکەریم قاسم سەرۆکی ئەوکاتی عێراق ئەنجامدا کە ماوەی پێنج ساڵ بوو لە دەسەڵاتدا بوو.

سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەدام لە ساڵی ١٩٨٢دا پتەوتر بوون، کاتێک ئیدارەکەی رۆنالد ریگان سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا عێراقی لە لیستی تیرۆردا دەرهێنا. ئەمەش بەتەنیا ١٧ مانگ دوای ئەوەی سەدام ئێرانی داگیرکرد روویدا، لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکان سەرقاڵی دەستبەسەرداگرتنی پارێزگای خوزستان بوون لە باشوری رۆژئاوای ئێران کە بە نەوت دەوڵەمەند بوو. لە مانگی کانونی یەکەمی ١٩٨٣دا، رۆنالد ریگان، دۆناڵد رەمسفێڵدی وەک سەرۆکی شاندێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەدامدا دیاریکرد و قۆناغێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دروستکرد. پشتگیری ئەمریکا بۆ سەدام لەمیانی شەڕی عێراق و ئێراندا گەشەی کرد بە جۆرێک وەک واشنتۆن پۆست ئاماژەی پێدەکات، گەیشتووەتە هاوبەشیپێکردنی گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری، پشتگیرکردن لەرێی ناردنی بۆمبەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی چیلییەوە، هەروەها ئاسانکاری بۆ عێراق بۆ بەدەستخستنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بۆ بەکارهێنانی لەکاتەکانی دواتردا.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سەدامەوە لەمیانی شەڕی عێراق – ئێراندا، هەم لەدژی سەربازانی ئێرانی و هاوڵاتیانی مەدەنی و گەلەکەی، نەبووە هۆی لەمپەر لەبەردەم هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو سەرۆکە. دیدارەکەی رەمسفێڵد و سەدام لە ساڵی ١٩٨٣دا ئەنجامدرا سەرەڕای بەڵگەی راستەقینەی واشنتۆن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن عێراقەوە. پێش سەردانەکەی رەمسفێڵد لە ١ی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا، جۆناسان هاوی بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە جیۆرج شولتز وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی وتبوو، عێراق رۆژانە چەکی کیمیایی لەدژی ئێران بەکاردەهێنێت.

لەکاتێکدا ئێران چەند جۆرە چەکێکی لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتبوو، لەلایەکی ترەوە بەخشیشەکانی بۆ سەدام زیاتر ببوون. کاتێک زانیاری هەواڵگری دەریخست کە ئێران هێرشێکی پێچەوانە لە ساڵی ١٩٨٨دا دەکاتە سەر عێراق کە هەڕەشەی بڕینی سنورەکانی عێراق دەکات، رێگان نامەیەک بۆ وەزیری بەرگری وڵاتەکەی دەنووسێت و تیایدا دەڵێت "سەرکەوتنی ئێران قبوڵنەکراوە". لە کۆتایی شەڕەکەدا، بەپێی بابەتێکی ساڵی ٢٠١٣ی فۆرین پۆلەسی، "زانیاری هەواڵگری بە لێشاو دەچوون بۆ سوپاکەی سەدام حسێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی "بەرپرسانی ئەمریکا بەتەواوی دەیانزانی کە سوپاکەی سەدام بە چەکی کیمیایی هێرش دەکات".

بەپێی زانیارییەکی ئاشکراکراوی سی ئای ئەی، دوو لەسەر سێی هەموو چەکە کیمیاییەکانی عێراق لەماوەی ١٨ مانگی کۆتایی شەڕی عێراق – ئێراندا بەکارهاتن، ئەوەش کاتێک هەماهەنگی ئەمریکا و عێراق گەیشتە لوتکە. شاری هەڵەبجەش لە هەرێمی کوردستان لە هێرشە کیمیاییە بەدەر نەبوو کە لەلایەن رژێمەکەی سەدامەوە جینۆساید کرا و نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی تیادا شەهید بوون. بەشێوەیەکی گاڵتەخوازانە دواتر ئەمە بووە هۆکارێک کە جۆرج بوشی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا هێرشی کردە سەر عێراق بەبیانووی هەبوونی چەکی کیمیایی لەلایەن ئەو وڵاتەوە.

پاش چەند مانگێک لە هێرشەکەی سەر هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨دا، یاریدەدەری ریچارد مورفی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووسی "پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق ئامانجە سیاسی و ئابورییەکانی داهاتوومان گرنگن". ئەمرۆش ئیدارەکەی ترەمپ هەمان ئەم زمانە بەکاردەهێنێتەوە کاتێک باسی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەکرێت، سەرەڕای کوشتنی خاشقچی لەلایەن ئەو وڵاتەوە و هێرشە وێرانکەرەکانی بۆ سەر یەمەن، بە جۆرێک پێشتر مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی "سعودیە هاوپەیمانێکی ستراتیجی گرنگی ئەمریکایە و هاوبەشێکی مەزن بووە لە کارکردن لەگەڵماندا".