سەردێڕ:

حکومەتی هەرێمی کوردستان: بڕیارە خاڵە گومرکییەکان لاببرێن

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

3157 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، ئومێد چۆمانی

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، بڕیارە خاڵە گومرکییەکان لەنێوان شارەکانی هەرێم و عێراقدا لاببرێن، چونکە زیان بە هاوڵاتیان و بازرگانان دەگەیەنێت.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، هەبوونی ئەو خاڵە گومرکییانە نایاسایین و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە دەبێت لە دەروازە سنورییەکان ئەو خاڵانە دابنرێن.

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو خاڵانە زیاتر بۆ بەرژەوەندی چەند گروپێکی میلیشیان کە سودی لێوەردەگرن، زیان بە خەڵكی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و بازرگان دەگەیەنن".

ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت ئەو ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەی لە کەرکوک ماوە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە تورکیا و لەگەڵ عادل عەبدول مەهدیش سەرۆکی وەزیرانی عێراق ئەو بیرۆکەیە خراوەتە روو، هیوادارن بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێم ئەوەی خستەڕوو "لەدوای کۆبوونەوەمان لە ٦ و ٧ی ئەم مانگەدا لەگەڵ دەستەی گومرکی عێراق، لەسەر ٢٧ خاڵ ڕێكکەوتین بۆ هەڵگرتنی سەرجەم خاڵە گومرگیەكانی نێوان شارەكانی هەرێم و عێراق".