سەردێڕ:

سی ئێن ئێن سکاڵای دژی دۆناڵد ترەمپ تۆمارکرد

سی ئێن ئێن سکاڵای دژی دۆناڵد ترەمپ تۆمارکرد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-14

4264 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن سکاڵای دژی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکرد، دوای ئەوەی روماڵکردنی رووداوەکانی کۆشکی سپی لە پەیامنێرێکی سی ئێن ئێن قەدەغە کرا.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی مۆڵەتی کارکردنی جیم ئاکۆستا پەیامنێری سی ئێن ئێن لە کۆشکی سپی راگیرا، تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن بە تۆمەتی پێشیڵکردنی ئازادی رادەربڕینی تۆڕەکە و پەیامنێرەکەی، سکاڵای دژی دۆناڵد ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی تۆمار کردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەرپرسی نوسینگەی دۆناڵد ترەمپ و وتەبێژی کۆشکی سپی لەو کەسانەن کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە کە پێشتر رایانگەیاندبوو، جیم ئاکۆستا بەهۆی رەفتارە ناشایستەکانی کارکردنی لە کۆشکی سپی لێ قەدەغە کراوە.

جێی ئاماژەیە، چەند رۆژ پێش ئێستا و لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، چەند پرسیارێکی جیم ئاکۆستا پەیامنێری سی ئێن ئێن سەبارەت بە پرسی پەنابەران و دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦، کاردانەوەی توندی ترەمپی لێکەوتەوە و ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، دواتر سارا ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، کارکردنی جیم ئاکۆستا لە کۆشکی سپی قەدەغە کراوە و ناوبراو چیدی ناتوانێت روماڵی رووداوەکانی ناو کۆشکی سپی بکات.

ش.ق