سەردێڕ:

تێبینییەکانی وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە

تێڕوانین و بۆچوونی حکومەتی ئێستا جیاوازە لەسەر ناوەرۆکی پرۆژە یاساکە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-12

9540 جار خوێندراوەتەوە

فوئاد حسین وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، بۆچوونی حکومەتی ئێستا جیاوازە لەسەر ناوەرۆکی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی.

بە پێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەمڕۆ دووشەممە (١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، فوئاد حسین وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ تەرخانکرابوو ڕایگەیاند، پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی لەلایەن حکومەتی پێشووەوە داڕێژراوە و تێڕوانین و بۆچوونی حکومەتی ئێستا جیاوازە لەسەر ناوەرۆکی پرۆژە یاساکە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کەمی ئەو کاتەی کە بە دەستەوە ماوە، ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆژە یاسای بودجەدا.

وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە "بۆچوون و سەرنجی زۆرمان هەیە کە لەلایەن وەزارەتە جیاجیاکانی عێراق و نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشکراوە دەربارەی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی.

ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە کە بە شێوەیەکی شەفاف مامەڵە بکەن لەگەڵ پەرلەماندا.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ١٣هەمینی خۆیدا گفتوگۆ دەکات لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٩ و لە دانیشتنەکەدا وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و چەند لایەنێکی پەیوەندیدار بەشداری کۆبوونەوەکەن.

ع.م