سەردێڕ:

هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران راگیرا

هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران راگیرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-11

2879 جار خوێندراوەتەوە

هەناردەکردنى نەوتى کەرکوک بۆ ئێران راگیرا و وەزارەتى نەوتى عێراقیش ئامادەکارى دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتى ئەو پارێزگایە بۆ تورکیا لەڕێگەى بۆریە نەوتییەکانى هەرێمی کوردستانەوە.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەى وزە لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاندووە، "حکومەتى عێراق ناردنى نەوتى کەرکوکى بۆ ئێران راگرتووە و ئێستا دەیەوێت نەوت بۆ تورکیا بنێرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنها دەرچە بۆ ناردنى نەوتى کەرکوک بۆریە نەوتیەکانى هەرێمە، هەندێک زانیارى هەیە هەرێم و بەغدا دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون."

دەنگی ئەمریکا لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتى نەوتى عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئامادەکارى هونەرى بۆ ناردنى نەوتى کەرکوک بۆ تورکیا تەواو بووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر وەزارەتى نەوتی عێراق بریار بدات، لە زووترین کاتدا دەتوانرێت دەست بەناردنى نەوتى کەرکوک بۆ تورکیا بکرێت، بەڵام هێشتا بریارى نەداوە.

کۆتایی مانگی رابردوو ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی ئاگادار لە هەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران ڕادەگیرێت، وەک پابەندبوونێک بە سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.

دواى زیاتر لە ساڵێک وەستانى هەناردەى نەوتى کەرکوک بە بۆرى بەهۆى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردووەوە، چاوەڕواندەکرێت جارێکى تر ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکاتەوە.

چەند رۆژ پێش ئیستاش رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکرد، لە ساڵی ڕابردووەوە گفتوگۆکان سەبارەت بە پرسی نەوتی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەستیپێکردووە، بەڵام لەم چەند ھەفتەیەی دواییدا گفتوگۆی چڕتر ئەنجامدراون و پێشبینیش دەکرێت ھەر لەم مانگەدا بگەنە ڕێککەوتنێک.

ش.ق