سەردێڕ:

دایکێکی تەمەن ٧٥ ساڵ بەهۆی منداڵەکەیەوە مانگێک هیچی نەخواردووە

فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-11

2996 جار خوێندراوەتەوە

دایكێک بەمەبەستی دابینکردنی پارەی پێویست بۆ کوڕە نەخۆشەکەی کە ماوەی ١٢ ساڵە لە بێهۆشیدایە و بەخێویدەکات ٢٠ کیلۆ لە کێشی کەمیکردووە، چونکە ماوەی مانگێکە هیچی نەخواردووە.

لە هەواڵێکی ڕۆژنامەی میرەری بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، وانگ شوبای تەمەن ٣٦ ساڵ لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە شاری شوگوانگ لە ناوچەی شاندۆنگ لە ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە، بەوهۆیەوە بۆ هەمیشە تووشی شەلەل بووە و چووتە دۆخی بێهۆشییەوە.

دایکی ئەم کوڕە ویی مینینگ کە ئەوکات تەمەن ٦٣ ساڵ بووە، تەواوی ئەرکی بەخێوکردنی کوڕەکەی لە ئەستۆ گرتووە، دوای چەند ساڵێک هاوسەرەکەشی گیانیلەدەستداوە.

ئەم دایکە شەو و ڕۆژی تەرخانکردووە بۆ بەخێوکردن و ئاگاداربوونی کوڕەکەی، بۆ چارەسەر و دەرمانی کوڕەکەی پێویستی بە پارە بووە، ناچار ١٢٠ هەزار ین (١٧.٤٠٠ دۆلار)ی بە قەرز وەرگرتووە.

نەخۆشیی کوڕەکەی و بێهۆشییەکەی درێژەی کێشاوە، بە جۆرێک پارەی تەواوی پێنامێنێت تا قەرزەکەی بداتەوە، هەربۆیە بۆ ماوەی مانگێک هیچ ناخوات.

مینینگی دایک دەڵێت، "زمان و قوڕگم وشکبووە، چونکە تەنها ئاوم دەخواردەوە"، لەو ماوەیەدا ئەو دایکە ٢٠ کیلۆ لە کێشی کەمیکردووە، لە ئێستاشدا کێشی تەنها ٣٠ کیلۆگرامە.

ئەو دایکە لە ئێستادا تەمەنی ٧٥ ساڵە و بەیانیان کاتژمێر پێنج بەخەبەردێت تا کوڕەکەی پاکبکاتەوە و بیگۆڕێت و خواردنی بداتێ و بیشێلێت تا جەستەی تووشی هەوکردن نەبێت.

بەڵام لەم ڕۆژانەدا کاتێک دایکەکە دەبینێت کوڕەکەی سەیری دەکات و بۆی پێدەکەنێت، زۆر دڵخۆشدەبێت و سوپاسگوزاری خودا دەکات کە کوڕەکەی هۆشی هاتووەتەوە و لە هەموو شتێک تێدەگات، بەڵام ناتوانێت قسە بکات و بجوڵێت.