سەردێڕ:

نوێترین رۆمانی بەختیار عەلی پێش بڵاوبوونەوەی دەکرێت بە فارسی

رۆمانی
مەریوان هەڵەبجەیی: گەر سانسۆر بهێڵێت لەگەڵ کوردییەکەی "دەریاس و لاشەکان" بەفارسی بڵاودەبێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-10

3777 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی سەرقاڵی وەرگێڕانی  رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" ی بەختیار عەلی یە کە هێشتا بەکوردی بڵاونەبووەتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، مەریوان هەڵەبجەیی نوسەر و وەرگێر ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی نوێترین رۆمانی بەختیار عەلی یە و لەزووترین کاتدا کارەکانی تەواودەکات.

مەریوان هەڵەبجەیی لەبارەی هەوڵەکانییەوە بۆ وەرگێڕانی ئەو رۆمانە وتی "ئەوکارە لە هەمووشتێک زیاترچێژم پێدەبەخشێت. هیوادارم چەقۆی سانسۆرچییەکان و ئایدۆلۆژییستەکان و ئاین بەربەست نەبێت لە بەردەم خێراچاپبوونی".

لەبارەی ناوەرۆکی رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" ی بەختیار عەلی کە هێشتا بڵاونەبووەتەوە، مەریوان هەڵەبجەیی وتی "بەشێک یان لایەنێک لە ناوەرۆکی رۆمانەکە باس لە شارێک یان سەرزەمینێک دەکات، کەشوێنێکی نادیارە و خەڵکەکەی حەماسەتێکی زۆریان بۆ شۆڕش هەیە، ئەو خەڵکە بەردەوام لەوەهمی شۆڕشێکدا دەژین کە لێییەوە هەموو شتێک بەدەستبهێنن، بەڵام بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان دیاریکردبێت. کە ئەمە دەکرێ لەهەموو شوێنێک رووبدات، چونکە کات و شوێن دیاریکراونییە و رەنگە لەرابردوودا روویدابێت یان لە ئێستادا یان لەداهاتوودا رووبدات".

ئەو نوسەر و وەرگێڕە کە تا ئێستا پێنج رۆمانی بەختیار عەلی بۆ فارسی وەرگێڕاوە، باسی لەوەکرد بەبەردەوامی کاردەکات و خۆی بۆ وەرگێڕانی ئەو رۆمانە تەرخانکردووە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بڵاوببێتەوە، ئەو دەڵێت ئەگەر سانسۆر و رێگریکردن نەبێت دەتوانرێت لەگەڵ کوردییەکە بەچاپبگەیەنرێت.

مەریوان هەڵەبجەیی تا ئێستا هەریەکە لەرۆمانەکانی " دواهەمین هەناری دونیا، ئێوارەی پەروانە ، جەمشیدخانی مامم کە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، شاری مۆسیقارە سپییەکان" ی وەرگیراوەتە سەر زمانی فارسی.

دواهەمین هەناری دونیا ١٠جار چاپکراوەتەوە. ئێوارەی پەروانە و جەمشیدخانی مامم کە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد، سێجار چاپ و بڵاوکراونەتەوە. لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە هەردوو کتێبی جەمشیدخانی مامم کە باهەمیشە لەگەڵ خۆی دەیبرد و ئێوارەی پەروانە، بونە پڕفرۆشترین کتێبەکانی نە شری نیماژ و پلەی یەکەمیان بە دەستهێنا و پڕفرۆشتربوون لە ڕۆمانەکانی سێبەری با و مارینای زافۆنی کاتەلۆنی و ڕۆمانەکانی پامۆک و ئەلیف شەفەق و زۆرنوسەری مەزنی بیانی تر کە نە شری نیماژ کتێبەکانیانی چاپ و بڵاوکردوەتەوە.

Image may contain: Mariwan Raheem and Khasraw Hama Karim, outdoor and close-up

مەریوان هەڵەبجەیی یەکێکە لە نوسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کورد، لەزمانی کوردی بۆ فارسی و لە فارسی بۆ کوردی کاری وەرگێڕان دەکات. تا ئێستا ٣٢ کتێبی وەرگێڕاوە.