سەردێڕ:

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆ لەسەر دوو بڕگە کۆبوونەوە ئەنجام دەدات

تاوتوێی بودجە لە بەرنامەى کاردا نییە
پەرلەمانى عێراق
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-10

1144 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و کارنامەی دانیشتنەکەش لە دوو خاڵ پێکهاتووە و بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆژە یاسای بودجەی تیا نەکراوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دوێنێ هەینی (٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ١٢هەمینی خۆی ئەنجام دەدات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە کارنامەی دانیشتنەکەی پەرلەمان پێکهاتووە لە دوو خاڵ، یەکەمیان گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر بابەتی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و، دووەمیان گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دانیشتنەکە کاتژمێر یەکی دوا نیوەڕۆ سازدەکرێت.

لە کارنامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە تاوتوێکردنى پڕۆژەى بودجەى ٢٠١٩ نەدراوە، کە ڕۆژى سێ شەممەی ڕابردوو پەرلەمان یەکەم دانیشتنى لەسەر ئەنجامدا.

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە (٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، لە دانیشتنی پەرلەماندا گفتوگۆ کرا لەسەر ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، هەرچەندە پرۆژە یاساکە لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە ڕەتکرایەوە، بەڵام دواتر بە فشاری چەند لایەنێکی شیعی ناو پەرلەمان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساکە بکرێت.

هەمان ڕۆژ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٩.

هـ،ڕ