سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: ناوی کەسانی تەکنۆکراتم بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان پێشکەشکردووە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-07

1932 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، تەواوی ئەو ناوانەی کە کە پێشکەشی کردوون بۆ پرکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان کەسانی تەکنۆکراتن و توانای بەرێوەبردنی پۆستەکانیان هەیە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی بەردەوامییان لەگەڵ پەرلەمانی عێراقدا هەیە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی ئەو پۆستە وزارییانەی کەماون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا بۆشاییی ئیداریی لە هیچ وەزارەتێکدا دروستنەبووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی پۆستەکان پڕ دەکرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، عێراق لایەنگری هیچ کام لە ئێران و ئەمریکا ناکات لە ململانێکانی نێوانیان.

لە پاش متمانەدان بە ١٤ وەزیر لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى، پەرلەمانى عێراق یەکەم دانیشتنى خۆى بەبێ تەواوکردنى وەزیرەکان حکومەت گرێدا و بەمەش تا ئێستا لە کۆى ٢٢ وەزارەت هەشت وەزارەت بەبێ وەزیر ماونەتەوە و جگە لەوەش لە دانیشتنەکەدا نەتوانرا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدرێت.

لە دانیشتنەکەی دوێنێدا کە دەیەمین دانیشتنى ئەم خولەیە و زیاتر لە ٢٥٠ پەرلەمانتار ئامادەى بوون، زیاتر تێبینى و سەرنجى پەرلەمانتاران لەسەر بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ تاوتوێ کران کە لە ماوەى ڕابردوودا مشتومڕێکى سیاسى و پەرلەمانیی گەورەى دروستکردووە، لە پاش گفتوگۆکانیش پەرلەمان بە کۆى دەنگ بڕیاریدا کە لەبارەى بودجەوە قسە لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بکات سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەى کە پێویستن لەپێناو هەموارکردنەوەى پرۆژە یاساى بودجە.