سەردێڕ:

لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە لەگەڵ پەرلەمانی عێراقدا پێکھێنرا

بودجەی ساڵی ٢٠١٩
فۆتۆ: 
2018-11-06

2130 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجەی ساڵی ٢٠١٩.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە (٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا گفتوگۆی کردووە لەسەر بابەتی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، لەو میانەیەشدا ئەنجومەنی وەزیران فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی حکومی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی چارەسەرکردنی بابەت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩.

ئەوە لەکاتێکدایە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی دواخست بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەم.

هەرچەندە لە سەرەتادا لەڕێی دەنگدانەوە پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ڕەتکردەوە، بەڵام بە فشاری بەشێک لە لایەنە شیعییەکان دەنگدانەکە هەڵوەشایەوە و دواخرا بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو.

بڕیاریشە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی تشرینی دووەم کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجە و دیاریکردنی کەموکوڕییەکانی بۆئەوەی لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکەی تەرخانکردبوو بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، بەڵام پرۆژە یاساکە لەلایەن زۆربەی فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە.

 

ع.م