سەردێڕ:

پەردە لەسەر پەیکەری ڕەفیق حیلمی لادرا

محەمەد ساڵح ئامان (کەرکووکی) ناسراوە بە ڕەفیق حیلمی، لە ساڵی ١٨٩٨ لە کەرکووک لەدایکبووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-05

2363 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى ، ژاڵە محەمەد

لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی و لەشەقامی سالم، پەردە لەسەر پەیکەری تێکۆشەری ناسراوی کورد ڕەفیق حیلمی لادرا و بەڕێوەبەرى گشتى رۆشنبیرى سلێمانیش رایگەیاند، ڕەفیق حیلمى کەسایەتیەکى کوردى خۆنەویست بووە و کارى گەورەى کردوە.

ژین ڕەفیق حیلمی کچی ڕەفیق حیلمی دەڵێت، لەهەولێر و لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان پەیکەر بۆ ڕەفیق حیلمی کرا، بەڵام دواتر پەیکەرەکە لابرا، دەشڵێت، خۆزگە شەقامێکیش بەناویی ڕەفیق حیلمیەوە بکرێت چونکە کەسایەتیەکی گەورە و کوردپەروەر بووە.

لەبارەی دروستکردنی پەیکەرەکەوە، پەری عەبدولواحیدی پەیکەرساز دەڵێت، پەیکەری ڕەفیق حیلمی، یەکەم کاریەتی لەدەرەوە دابنرێت و ئەوەش سەرەتای ئیشی گەورەیە و بەردەوامی دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبری سلێمانی دەڵێت، رەفیق حیلمی کەسایەتیەکی کوردی ماندوونەناس و خۆنەویست بووە و لەبواری ڕۆشنبیری و سیاسی و پەروەردەیی کاری زۆر گەورەی کردووە.

پارێزگاری سلێمانیش ئاماژەى بەوەکرد، پێویستە کوالێتی پەیکەر و قەبارەیان لەوەی کە هەیە بەرزتر بێتەوە و دەشڵیت، ڕێنماییمان دەرکردووە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لیژنەیەک هەبێت بۆ پێداچوونەوە بەو پەیکەرانەی لە سلێمانی دروست دەکرێت.

محەمەد ساڵح ئامان (کەرکووکی) ناسراوە بە ڕەفیق حیلمی، لە ساڵی ١٨٩٨ لە کەرکووک لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کەرکووک و سلێمانی و ئامادەیی لە بەغدا و پەیمانگای ئەندازەی لە ئیستەنبوڵ تەواوکردووە و کاتێک شێخ مەحموودی حەفید بۆ جاری دووهەم کابینەیەکی تازەی داناوە، ڕەفیق حیلمی کردووەتە ڕاوێژکاری ڕامیاری.

لە بواری سیاسی و پەروەردە جێگا دەستی دیارە و ماوەی دوو ساڵ لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەغدا خزمەتیکردووە و  لە سەردەمی"عەبدولکەریم قاسم" دا بووە بە راوێژکاری رۆشنبیریی لە ‌باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا، بەڵام دواتر لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی لەسەر ئەو کارە لابرا.

 رەفیق حیلمی رۆڵێکی گەورەی بینیوە لە ‌داڕشتنی دەستووری کاتیی عێراق لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم.

لە هەمان کاتیشدا شاعیر و نووسەر و مێژوونووس و وەرگێڕ و ڕەخنەگرێکی لێهاتووی وێژەی کوردیش بوو کە لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرهەمی بە چاپ گەیاندووە.

 لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغداد كۆچی دوایی كردووە.

س.س