سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-05

1204 جار خوێندراوەتەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٥٧ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکيی بە ٦٢ دۆلار و ٣٧ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا.

 هەردوو کۆمپانیای ترافیگۆرا و مرکوریا بۆ بازرگانی نەوت ڕایانگەیاند، چاوەڕواندەکرێت تا نزیکی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی زایینی نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ٩٠ دۆلار و لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ش نرخی ١٠٠ دۆلار تێپەڕێنێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بڕی بەرهەمی نەوت بەهۆی سەپاندنی گەمارۆ ئابورییەکان بەسەر ئێراندا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە.

بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی پێیوایە سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمی نەوت بە ڕێژەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا کۆمپانیای مرکۆریا پێیوایە بازاڕی وزە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەدەستدەدات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک کرد، کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت، بەڵام هەریەکە لە سعودیە و رووسیا بەدووریان زانی هیچ بڕێکی دیکەی بەرهەم بۆ بازاڕی وزە زیادبکەن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی نرخی نەوت.