سەردێڕ:

​​لە ١٠ ساڵدا ٩٠٠ پێشێلکارى بەرامبەر هەزار و ٤٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە

دۆخی ڕۆژنامەنوسی لە هەرێمى کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-03

879 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، لە ماوەی ساڵانى ٢٠٠٨-٢٠١٨، پێنج ڕۆژنامەنووس لە هەرێمى کوردستان تیرۆرکراون و ٨٩٨ حاڵەتی کوشتن و گرتن و لێدان و پێشێلکاریی بەرامبەر ١٤٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولیر بووە.

ئامارەکان دەریدەخەن، لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ٣٤٧ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەولێر و ٢٨٥ حاڵەت لە سلێمانی و ١٠٧ حاڵەت لە دهۆک و ٥٩ حاڵەتیش لە کەرکوک و ١٨ حاڵەت لە هەڵەبجە و حاڵەتەکانى دیکەش لە موسڵ و کفرى و خانەقین و سەڵاحەدین و بەغدا و دیالە تۆمارکراون.

بەپێی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٢ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە و زۆرترینیان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانى کەناڵی ئێن ئاڕ تی کراوە.

ئەنوەر حسێن جیگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، حکومەتى هەرێم و دادگاکان و دامودەزگا ئەمنییەکان نەک هەر ئەرکیانە بکوژانى ڕۆژنامەنووسان بدۆزنەوە و بە سزایان بگەیەنن، بەڵکو ئەرکى گرنگتر لەوە و سەرەکییان ئەوەیە، پارێزگارى لە ڕۆژنامەنووسان بکەن و پیشەکەیان لە چوارچێوەى یاسادا ڕێزى لێ بگیرێت.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژی جیهانی دەربازنەبوونی تاوانبار لە سزا، سیمینارێکی لە هەولێر ئەنجامدا بۆ ڕۆژنامەنووسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەوان وەک دەزگا ئەمنییەکان لایەنی جێبەجێکردن و بەدواداچوونن لەسەر کەیسەکان و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەن لەوبارەیەوە.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ئەنجومەنی دادوەری لە ڕابردوودا چەندینجار داوای دادگایەکی تایبەتمەندیان کردووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری دەڵێت، ئەوان ئامادەن دادگایەکى لەو شێوەیە دابنێن تا بەدواداچوون بۆ کەیسى ڕۆژنامەنووسان بکات.

ڕۆژی ٢ی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی دەربازنەبوونی تاوانباران لە سزا دادەنرێت و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش چەند ڕاسپاردەیەکی ئامادەکردووە بۆ کارى ڕۆژنامەنووسی و باشکردنى پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەکان و ڕۆژنامەنووسان.