سەردێڕ:

یەمەن؛ 'گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە جیھاندا'

 ١٨ ملیۆن هاووڵاتی روبه‌ڕووی ناسه‌قامگیريی بوونه‌ته‌وه‌
منداڵانی یەمەن؛ ھەمیشە قوربانیی سەرەکیی شەڕ و ناکۆکییەکانن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-03

2273 جار خوێندراوەتەوە

 

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، یەکەی شیکردنەوە

 

دوو گەورەترین زیانلێکەوتووانی دوای رووداوەکانی بەھاری عەرەبیی لە ساڵی ٢٠١١دا یەمەن و سوریا بوون. سەرەتای ئەمساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ "یەمەن خراپترین قەیرانی مرۆییە لە جیھاندا". ئەوەش دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر ململانێ و شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکە و سێ ساڵ بەسەر دەستپێکی ھێرشی ئاسمانیی سعودییە و ھاوپەیمانەکانی دێت. سەرەرای ھەوڵە نێودەڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیانە لەنێوان لایەنەکاندا، تاوەکو ئەمڕۆ دانیشتوانی یەمەن بەدەست بارودۆخێکی ئێجگار قورس و ئاڵۆزەوە دەناڵێنن.

لەم شیکردنەوەیەدا، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی؛ بەپشتبەستن بە زانیارییە بەردەستەکانی نێو راپۆرتە میدیاییەکان مردنی سەرۆکی یەمەن و وردەکاریی ھەڵایسانی ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە و رۆڵی ھێزە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە تەشەنەسەندنی ئەو شەڕەدا رووندەکاتەوە.

 

منداڵان؛ گەورەترین قوربانیی کارەساتە مرۆییەکانن                              فۆتۆ: تایڵەر ھیکس، نیۆرک تایمز


٧٥%ی دانیشتوانی یەمەن پێویستیان بە ھاریکاریی مرۆییە

 

به‌پێی ئاماره‌كانی نه‌ته‌و ه‌یه‌كگرتووه‌كان ٧٥%ی دانیشتوانی یه‌مه‌ن کە دەکاتە ٢٢ ملیۆن هاووڵاتی، پێویستیان به‌ جۆرێك له‌ هاریكاری مرۆیی و پارێزگاریيكردن هه‌یه‌. یه‌مه‌ن پێشتر وڵاتێكی هه‌ژار بوو و گیرۆده‌ی گه‌نده‌ڵيی و ناسه‌قامگیريی و نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا و خراپيی به‌ڕێوه‌بردن بوو، به‌ڵام ئه‌م قه‌یرانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاريی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار. ئه‌مڕۆ٦٠%ی دانیشتوانه‌كه‌ی کە دەکاتە ١٨ ملیۆن هاووڵاتی، روبه‌ڕووی ناسه‌قامگیريی خۆراك بوونه‌ته‌وه‌ و ٨.٤ ملیۆن كه‌س "نازانن چۆن ژه‌می داهاتوویان په‌یدا بكه‌ن".

 

هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازيی سێ ساڵه‌ی سعودیيه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیيه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ و پێشلێكاری یاسا نێوده‌ڵه‌تیيه‌كانیش به‌شێكن له‌م هه‌ڵمه‌ته‌. هاوكات به‌ هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازیيه‌كه‌، سزای ئابوريی و رێگه‌گرتن له‌ گواستنه‌وه‌ی خۆراك و پێداویستی ته‌ندروستيی له‌لایه‌ن سعودیيه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی ژێرده‌ستی حوسيیه‌كان بارودۆخی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نيی هێنده‌ی ديكة گران كردووه‌.

 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نساش هاریكاريی سیخوڕیی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن و فرۆشیاری سه‌ره‌كيی چه‌كن به‌ ده‌وڵه‌تی سعودی. هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێكه‌ چالاكوان و داكۆكیكاران له‌ مافه‌كانی مرۆڤ دژی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی سعودیيه‌ و چاوپۆشینی خۆرئاوا هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ، ته‌نها دوای هه‌واڵی دیارنه‌مان و كوشتنی رۆژنامه‌نوسی سعودی، جه‌مال خاشقچی سه‌رنجی جیهان جارێكی ديكة به‌ره‌و ئه‌م قه‌یرانه‌ راكێشرا.

 

رەنگە ئەوەش ھۆکاری ئەوە بێت کە کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، جەمیس ماتیسی وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای لە ھەموو لایەنەکانی جەنگی یەمەن کرد کە پابەندبن بە دانوستانی ئاشتیی دەستپێشخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ لە ماوەی ٣٠ رۆژدا. مایک پۆمپیۆسی وەزیری دەرەوەش داوای لە سعودییە و ھاوپەیمانەکانی کرد کۆتایی بە ھێرشی سەربازیی ئاسمانیی بھێنن بۆ سەر ناوچە قەرەباڵغەکان.

 

ئەمەریکا وەک پشتگیریکەری سەرەکیی سیاسەتەکانی سعودییە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێکی بۆ وەستانەوەیە دژی ھەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، بەڵام دوای کەیسی خاشقچی پرسیار لەسەر ئەم پشتگیرییکردنە بە مەرجە دروستبووە و پرسی کارەساتی مرۆیی یەمەنیش ھاتۆتەوە ناو باس و خواسەکانەوە.


دوای ٣٣ ساڵ فه‌رمانڕه‌واییكردن؛ ئه‌و "پیاوه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری مار سه‌مای ده‌كرد" تیرۆرده‌كرێت

 

عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح تاوه‌كو لابردنی له‌ ساڵی ٢٠١١دا تاكه‌ سه‌رۆك بوو یه‌مه‌ن بینیبێتی دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی باكور و باشور له‌ ساڵی ١٩٩٠دا. پێشتریش، له‌ ساڵی ١٩٧٨ه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌مه‌نی باكور بووه‌ و به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك بووبێت دژه‌كانی بێده‌نگ كردووه‌. دوای لابردنیشی له‌ به‌هاری عه‌ره‌بیدا، وه‌ك یه‌كێك له‌ سیاسیيه‌ كاراكانی گۆڕه‌پانی یه‌مه‌ن مایه‌وه‌ و له‌ ٢٠١٥دا بوو به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌وانه‌ی چه‌ندین ساڵ دژی شه‌ڕی كردبوو؛ حوسیه‌كان. به‌ڵام كاتێك جارێكی دیکە سیاسه‌ته‌كانی بادایه‌وه‌ و داوای رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سعودیيه‌دا كرد له‌ ساڵی ٢٠١٧دا، چه‌ند رۆژێك زیاتری به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت پێش ئه‌وه‌ی له‌ سه‌نعا تیرۆر بكرێت.

 

 "ئه‌نجومه‌نی هاریكاری عه‌ره‌بی" دوای كۆتایی جه‌نگی عێراق-ئێران له‌نێوان عێراق و ئوردون و میسر و یه‌مه‌نی باكوردا له‌ به‌غداد پێكدێنرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌، ساڵێك دواتر، كۆتایی دێت.


به‌ كوشتنی عه‌لی عه‌بدوڵا؛ ئاسۆی كۆتاییهاتنی جه‌نگی یه‌مه‌ن هێنده‌ی دیکە ناروون ده‌بێت. له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌ودا، یه‌مه‌ن له‌ هه‌ژاره‌وه‌ بۆ هه‌ژارتر هه‌نگاو ده‌نێت. پشتگیرييكردنی سه‌دام حسێن له‌ جه‌نگی كه‌نداوی یه‌كه‌مدا زیانێكی گه‌وره‌ی بۆسه‌ر ئابوريی یه‌مه‌ن ده‌بێت. سعودیيه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن هاووڵاتی یه‌مه‌نيی كه‌ بۆ كاركردن له‌وێ نیشته‌جێبوون و داهاتێكی گرنگيیان بۆ وڵاته‌كه‌یان ده‌نارده‌وه‌، ده‌رده‌كات.

 

یه‌مه‌نی عه‌لی عه‌بدوڵا؛ وڵاتێك بوو ناسراو به‌ گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو، خراپيی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگا گشتیيه‌كاندا، په‌یڕه‌ونه‌كردنی یاسا و نه‌بوونی سه‌روه‌ری یاسا، ناسه‌قامگیری درێژخایه‌ن، هه‌ژاريی و نایه‌كسانيی كۆمه‌ڵایه‌تی.

 

ئه‌وە جگه‌له‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ٣٣ ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا له‌نێوان ٣٢ ملیار بۆ ٦٠ ملیار دۆلاری گه‌نجینه‌كردووه‌ له‌رێگه‌ی سود وه‌رگرتن له‌ گرێبه‌ستی نه‌وت و داهاتی دیكه‌ی گشتیيه‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ ساڵی ٢٠١٥دا؛ سه‌رمایه‌كه‌ی به‌ كاش و ئاڵتون و موڵك به‌ناوی كه‌سانی جیاجیاوه‌ له‌ زیاتر له‌ ٢٠ وڵاتدا بڵاوكردبووه‌وه‌.

 

  

Image result for ‫على عبداال سالح‬‎
 عەلی عەبدوڵا ساڵح تا لەژیاندا بوو پشتوانێکی سەرسەختی سەدام حسێن و رژێمەکەی بوو

 

له‌ هه‌ژاره‌وه‌ بۆ هه‌ژارتر

 

پێش بەھاری عەرەبی، یەمەن ھەژارترین وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوو. نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە خۆراکی پێویستیان نەبووە و چوار ملیۆن کەسیش پێویستیان بە ھاریکاریی کتوپڕ ھەبووە. کەمیی سەرچاوەی ئاو ھۆکارێکی سەرەکیی ئەم کەمخۆراکییەیە لە وڵاتێکدا کە کەرتی کشتوکاڵ بزوێنەری ھەلی کار و ئابوریی وڵاتەکەیە، بەڵام گەندەڵیی و ناسەقامگیریی و دواتریش شەڕێکی درێژخایەن یەمەنی ھێناوەتە سەر لێواری برسێتی (مجاعە).

 

ناسەقامگیریی سیاسی؛ بەشێکە لە مێژووی یەمەن و لە دوای رووداوەکانی یانزەی سێپتێمبەری ٢٠٠١ەوە، قاعیدە لەوێ رەگ دادەکوتێت و دواتر "رێکخراوی قاعیدە لە دورگەی عەرەب" دروستدەکەن. بەسودوەرگرتن لە ھەژاریی لاوان و ناسەقامگیریی ئاسایشی وڵاتەکە، قاعیدە تاوەکو ئەمڕۆش چالاکییەکانی لە یەمەن بەردەوامە و لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی سەر بە داعشدا ململانێ بۆ پێگە و جێگەی خۆیان دەکەن.

کاتێک شەپۆلی بەھاری عەرەبیی بە یەمەن دەگات، خەڵکەکەی بەھیوای باشترکردنی ژیانیان دێنەسەر شەقامەکان و داوای رووخاندنی رژێم دەکەن. عەلی عەبدوڵا؛ ناچار دەبێت کورسییەکەی بەجێبھێڵێت و جێگرەکەی بێتەسەر حوکم. بەڵام ئاڵۆزیی کێشەکانی یەمەن، ھەر لە ھێرشی قاعیدەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان و دروستبوونی میلیشیای سەر بە عەلی عەبدوڵا و بەردەوامیی گەندەڵی، بێکاریی و ناسەقامگیریی خۆراک، رێگەنادەن گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی دەسەڵات رووبدات. حوسییەکان کە پێشتر چەندین ساڵ دژی عەلی عەبدوڵا خەباتی چەکدارییان کردووە، ئەم ھەلە دەقۆزنەوە و دەستدەگرن بەسەر کۆمەڵێک ناوچە لە ھەرێمی سەنعا و دەوروبەرییدا.

 

جگە لە حوسییەکان خۆیان، ھاووڵاتیانی دیکەی ئاسایش بە سوننەکانیشەوە، پشتگیریی یاخییەکان دەکەن و ھیوای گۆڕانکاریی دەخوازن تاوەکو لە ساڵی ٢٠١٥دا؛ سەنعای پایتەخت دەکەوێتە ژێردەستی حوسییەکانەوە و دواتر حکومەتی یەمەن بەرەو شاری عەدەن لە باشور ھەڵدێت.

 

  

Image result for the biggest disaster in Yemen
 سعودییە تۆمەتبار دەکرێت بەھەبوونی دەستی لە گەورەترین کارەساتی مرۆیی یەمەن

 

وەک ئەوەی مەبەستیان بێت ئاڵۆزییەکان ئاڵۆزتر ببن، حوسییەکان و ھێزەکانی سەر بە عەلی عەبدوڵا یەکدەگرن و ھەوڵی دەستبەسەراگرتنی ھەموو وڵاتەکە دەدەن. ئێران؛ پشتگیریی ئەم گۆڕانکارییە دەکات و وەک ھەلێک تەماشای دەکات بۆ فراوانکردنی کاریگەریی خۆی لە نیمچە دورگەکەدا و لاوازکردنی پێگەی سعودیە تیایدا. ئەوەش پاڵ بە سعودییەوە دەنێت ھەڵمەتی سەربازیی دژی حوسییەکان رابگەیەنێت. لەم نێوەشدا، ھاووڵاتیانی ئاسایی گەورەترین باج دەدەن بە ژیانی خۆیان و منداڵ و ژینگە و وڵاتەکەیان.  ئەمڕۆ، کارەساتەکە ھێندەی نەماوە لەدەست دەربچێت و چیرۆکی یەمەن ببێتە چیرۆکێکی تراژیدی مێژووی مۆدێرن. ململانێی دەسەڵاتە ناوچەییەکان و کاریگەریی پشتگوێخستنێکی درێژ بەسەر دەنگی نەبیستراوی ھەزاراندا زاڵە.

 

تروسكاییه‌ك له‌ كۆتایی تونێله‌كه‌دا   

 

لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا لەسەر یەمەن بادانەوەیەکی نوێیە لە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا کە یەکەم سەردانی بۆ وڵاتێکی بیانیی وەک سەرۆک بۆ سعودییە بوو. کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ محەمەد بین سەلمان پێش بوونی بە شازادی جێنشن لە ساڵی ٢٠١٧دا، ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن  ئەم شازادە لاوە و جێگرتنەوەی باوکی وەک شای بنەماڵەی سەعود لە ئایندەدا. ھەربۆیە دوای مانگێک لە سەردانەکەی ترەمپ؛ محەمەد بین سەلمان دەکرێتە شازادەی جێنشین. ھەروەھا سەردانەکە و پشتگیریی ئیدارەی ترەمپ بۆ سعودییە مانای بەردەوامبوونی ھەڵمەتی سەربازیی سەر یەمەن و درێژەدان بوو بەو گەمارۆ و سزا ئابوریانەی بەسەر ھاووڵاتیانی یەمەندا سەپێندرابوون.

 

Image result for yemen
بەکارھێنانی یەمەن وەک کارتێکی دانوستاندن لەنێوان ئەمەریکا و سعودییەدا بۆ گەڕانەوەی متمانەی ئەمەریکایە بە شازادەی جێنشین

 

بۆ یەکەمجار ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا بە ئاشکرا داوای دانوستان و وەستاندنی شەڕ دەکەن لە سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە جەنگی یەمەندا. ھەندێک پێیانوایە کاتی ئەم بڕیارە پەیوەستە بە نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتییەوە و ھەندێکی دیکە پەیوەستی دەکەنەوە بە دۆسییەی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس و بەکارھێنانی یەمەن وەک کارتێکی دانوستاندن لەنێوان ئەمەریکا و سعودییەدا بۆ گەڕانەوەی متمانەی ئەمەریکا بە شازادەی جێنشین. بەڵام ئەوە ھاوکاتە بە سەپاندنەوەی سەرجەم گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران کە پێش ساڵی ٢٠١٥ لە ئارادابوون. ئایا ئێران چۆنە مامەڵە لەگەڵ ئەم داوای دانوستاندنە دەکات؛ لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ سورە لەسەر سزادانی ئێران سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی لە ٢٠١٥دا؟

 

 بڕیاری ئێران ھەرچۆنێک بێت، ئەم ھەنگاوەی ئەمەریکا وەک ھەنگاوێکی گرنگ تەماشادەکرێت لە کۆتاییھێنان بە جەنگێک کە کاریگەرییەکانی بۆ چەندین ساڵی دیکە درێژەدەکێشن و وەستاندنی ئەو زیانە مرۆییەی کە گەیاندوێتی خەریکە دەبێتە ئەستەم.