سەردێڕ:

لە کۆی ١٨٠ وڵات بۆ ئازادی کارى میدیایی عێراق لە ڕیزبەندی ١٦٠هەمین وڵاتدایە

لە کۆی ١٨٠ وڵات بۆ ئازادی کارى میدیایی عێراق لە ڕیزبەندی ١٦٠هەمین وڵاتدایە
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-11-02

946 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە سەرجەم وڵاتانی جیھاندا ڕووی لە زیادبوونە و لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ھەزار و ١٠ ڕۆژنامەنووس لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون و لە کۆی ھەر ١٠ بکوژێکیش ٩ کەسیان سزانەدراون.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسانیش لە سەدا ٨٥ی ئەو کەسانەی کە بکوژی ڕۆژنامەنووسانن ڕزگاریان بووە لە یاسا و سزا و بە ئازادانە دەسوڕێنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵڕۆژی جیھانیی کۆتاییھێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزاکانی کەیسی ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکات، مافی پارێزبەندی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان وایکردووە ڕۆژنامەنووسی زیاتر بکوژرێن کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ شکستی سیستمی دادوەری و یاسایی لە بەشێک لە وڵاتان.

ھاوکات یونسکۆ باسی لەوە کردووە، مافی پارێزبەندی زیانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەیاندووە کە وایکردووە پێشێلکاریی جددی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوان پەردەپۆشبکرێت.

داواشیکردووە، وڵاتان ھەوڵی تەواو بدەن بۆ ڕێگریکردن لە تاوانی دژبە میدیا و ڕۆژنامەنووسان، ھەروەھا تاوانبارانی تاوانەکانی دژبە ڕۆژنامەنووسان بە سزا بگەیەنرێن، نەتەوە یەکگرتووەکان داواشیکردووە ژینگەیەکی کارکردنی سەلامەت بۆ ڕۆژنامەنووسان بڕەخسێنرێت، تا بتوانن بەبێ دەستوەردان و سەربەستانە کارەکانیان بکەن.

ھاوکات سەنتەری میترۆ داوایکردووە کەیسی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراو بکرێتە ئەجێندای حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و ‌سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەدا بکرێتەوە.

ڕێکخراوی یونسکۆ و چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان پێشانگایەک دەکەنەوە بۆ ڕۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ‌و باکوری ئەفریقا و سەنتەری میترۆش وێنە و ژیاننامەی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆرکراوی ھەرێمی کوردستان دەباتە ئەو پێشانگایە.

میترۆ داوادەکات ژینگەیەکی ئارام بۆ ڕۆژنامەنووسانی ھەرێم بڕەخسێنرێت و کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمیش جارێکی دیکە لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەدا بکاتەوە.

تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە ھەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی چەندین ساڵەی ھەیە و لەو چوارچێوەیەشدا لە ٢١ی تەمووزی ٢٠٠٨ ڕۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری کەرکوک لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تیرۆرکرا و پاش ١٠ ساڵ ئەو کەیسە تا ئێستا بە کراوەیی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک ماوەتەوە.

دواتر تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین و سێیەمین تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە ھەرێمی کوردستاندا کاوە گەرمیانی بوو کە لە ٥ی ١٢ی ٢٠١٣ لە قەزای کەلار و دواتریش تیرۆرکردنی وەدات حسێن لە  ١٣ی ٨ی ٢٠١٣ لە پارێزگای دھۆک کە لەژێر ئەشکەنجەدا کۆچی دوایی کرد.

جگە لەوانەش تیرۆری عەبدولستار تاھیر شەریف لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری کەرکوک دەچێتە خانەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسانەوە.

بەردەوام ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا، ناوی ھەرێمی کوردستانیان خستووەتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی کە مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت ڕۆژنامەنووسانی تێدا پێشێلکراوە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنور لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ ئازادی کاری میدیایی لە کۆی ١٨٠ وڵات، عێراقی لە ڕیزبەندی ١٦٠ەمین وڵاتی جیھان دیاریکردووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستبردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ کەیسەکانی گەندەڵی ژیانیان دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە، ڕۆژنامەنووسان ناچارن میدیا وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکاربھێنن.

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردووشدا دەیان پێشێلکاریی بەرامبەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و ڕۆژنامەنووسەکانی ئەنجامدراون، کە دیارترینیان سووتاندنی ئێن ئاڕ تی لە ساڵی ٢٠١١ و فڕێدانی بۆمب بۆ سەر ئێن ئاڕ تی لە ساڵی ٢٠١٣ و تەقەکردن لە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی ئەوکاتی کەناڵەکە و بریندارکردنی لە ساڵی ٢٠١٣ و دەستگیرکردنی بەڕێوەبەر و ڕۆژنامەنووسانی ئێن ئاڕ تی و داخستنی ئۆفیسەکانی کەناڵەکە لە ھەولێر و دھۆک و چەندین پێشێلکاریی دیکە.

بە بۆچوونی ڕەخنەگرانیش لە ھەرێمی کوردستاندا سەرجەم ئەو کەسانەی کە ڕۆژنامەنووسان تیرۆر دەکەن و تاوانی دژبە مافی مرۆڤ ئەنجامدەدەن، لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە داڵدە دەدرێن و بەرپرسە باڵاکانی ئەو دوو حزبە ئەو کەسانە بۆ کاری تایبەتی خۆیان بەکاریاندەھێنن و دۆسیەکانیان لە دادگاکاندا بۆ دادەخەن.

ش.ق