سەردێڕ:

لە حەوت ساڵی رابردودا لە سوریا نزیکەی ٧٠٠ رۆژنامەنوس کوژراون

لە ١٠ حاڵەتی تاوان دژی رۆژنامەنوسان نۆیان بە بێ سزا تێدەپەڕن
نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشدارییداوە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنوسان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-02

1026 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ سوریا رایگەیاند، لە ماوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆى سوریادا نزیکەى ٧٠٠ رۆژنامەنوس كوژراون كه‌ زۆرینه‌یان له‌لایه‌ن رژێمی سوریا  و گرووپه‌ چەکدارییەکانەوە بووە و نەتەوە یەکگرتوەکانیش رایگەیاند، لە ١٠ حاڵەتى تاوان دژ بە رۆژنامەنوسان نۆیان بە بێ سزا تێپەڕدەبن.

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ سووریا ڕایگەیاند، له‌ ئازاری ٢٠١١ه‌وه‌ تا ئێستا ٦٨٩ رۆژنامەنوس كوژراون كه‌ هه‌شتیان بیانیی بوون.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باسله‌وه‌شكراوه‌، رژێمی سوریا وگروپە چەکدارەکان‌، له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆی سوریاوه‌ تا ئێستا ٥٤٣ رۆژنامەنوسیان كوشتووه‌ كه‌ پێنجیان بیانیی بوون.

هه‌ر به‌پێی راپۆرته‌كه‌، له‌ ئه‌یلوولی ٢٠١٥ەوە هێزه‌کانى رووسیا ١٩ رۆژنامەنوسیان كوشتووه‌ و له‌ هێرشه‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیشدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا میدیاكارێك كوژراوه و گروپە چەکدارەکانى ئەو وڵاتەش بە تێکڕا ١٢٧ رۆژنامەنوسیان کوشتوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش٢ى تشرینی دووەمی هەر ساڵێكی بە " رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت " دیاریكردووە و بەپێی ئامارەكانیش لە هەر ١٠ حاڵەتی تاوان دژی رۆژنامەنوسان، نۆیان بە بێ سزا تێدەپەڕن.

نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەى بە مەترسی پێشێلكارییەكان لە بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە جیهاندا کردوە و رایگەیاند، لە ئەنجامنەدانی رێكاری پێویست دژی سەرپێچیكاران نیگەرانە و ئاماژەی بەوەشکرد، لێكۆڵینەوەیەكی ئەوتۆ لە زۆربەی حاڵەتەكانی سەرپێچی ناكرێت و تەنانەت لە ١٠حاڵەتی کوشتنی رۆژنامەنووسانیش نۆ حاڵەتیان بێ سزادانی تاوانبار كۆتاییدێت.

لە لایەکیترەوە، "لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان"یش رایگەیاند، ٢٠١٨ ساڵێكی مەترسیدار بووە بۆ رۆژنامەنووسان و تاوەكو ئێستا بەلایەنی كەمەوە ٤٥ رۆژنامەنووس لە جیهاندا كوژراون.

س.س

‌بەپەلە