سەردێڕ:

داوا لێکۆڵینەوەی نوێ لە دۆسییەی رۆژنامەنوسانی تیرۆر کراودا دەکرێت

لە ١٠ ساڵی رابردودا ٣٢٤ رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیھاندا تیرۆر کراون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-02

1172 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سلێمانى ، ژاڵە محەمەد

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لە رۆژی جیھانی کۆتایھێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا داوا دەکات دۆسیەی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو بکرێتە کارنامەی حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان و  بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەو تاوانانە بکات و ‌وسەرلەنوێ لێکۆڵێنەوە لەو دۆسییەیانەدا بکاتەوە.

بە پێی ئامارەکانی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان، لە ١٠ساڵی رابردودا ٣٢٤ رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیھاندا تیرۆر کراون، لەو ژمارەیە ٨٥% بکەرانی ئەو تاوانانە دەربازییان بووە لە سزاو بکوژانی ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادن‌و دەستی عەدالەت پێیان نەگەیشتوە.

سەنتەری میترۆ وەک ئەندامێکی کەمپینی جیھانی بۆ کۆتایھێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەکانی دەرھەق بە رۆژنامەنوسان، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان و بە سەرپەرشتی یونسکۆ و ھاوبەشی کۆمەڵێک لە رێکخراوی نێودەوڵەتی، بەشدار دەبێت لە رێکخستنی پێشانگایەک بۆ رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ‌و باکوری ئەفریقیا.
لەو پێشانگایەدا وێنەو ژیاننامەی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو لە ھەرێمی کوردستان‌و ناوچەکانی تری عێراق بڵاودەکرێتەوە.

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٣وە، رۆژی ٢ی تشرینی دووەمی دیاریکردوە وەک رۆژی جیھانی کۆتایھێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەکرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام کردوە رێوشوێنی دیاریکراو بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی فەرھەنگی دەربازبونی تاوانباران لە سزا بگرنە بەر.

سەنتەرى میترۆ داوا دەکات ژینگەیەکی ئارام بۆ رۆژنامەنوسان فەراھەم بکرێت و "کەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو بکرێتە کارنامەی حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان،کابینەی تازەش بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەو تاوانانە بکات‌و ‌وسەرلەنوێ لێکۆڵێنەوە لەو کەیسانەدا بکات".

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری سلێمانی لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتوە.

س.س