سەردێڕ:

چۆن پەرە بە بەهرە و توانای منداڵەکەت دەدەیت؟

فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-01

2678 جار خوێندراوەتەوە

لەبەر ئەوەی منداڵ نەوەی دواڕۆژە، واتە پاشەڕۆژی کۆمەڵگە، بۆیە دەبێت منداڵ بەشێویەکی تەندروست پەروەردەبکرێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا کۆمەڵگەیەکی تەندروست فەراهەمبێت.

لە بەرنامەی بەیانیت باش کوردستان لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، عائیشە شەوکەت بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی منداڵان لە دهۆک، ئاماژەی بە چۆنیەتی پەروەردەی منداڵ کرد، لە چوارچێوەی خێزان و لە قوتابخانە و گرنگیدان بە بەهرەو توانای منداڵان.

ئەو بەرێوەبەرە پێیوایە یەکەم قوتابخانەی منداڵ ژینگەی ناو ماڵەو یەکەم مامۆستای منداڵیش دایک و باوکییەتی، بۆیە دەڵێت: ئەگەر دایک و باوک بیانەوێت منداڵەکەیان  بەباشی پەروەردەبکەن، دەبێت وابکەن منداڵەکەیان پشت بەخۆی ببەستێت و بەشێوەکی مام ناوەندی لەگەڵ منداڵ هەڵسوکەوت بکەن و داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن، واتە نابێت هەموو شتێکی بۆ ئامادە و دەستەبەربکەن، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی منداڵەکەیە نەک بۆ بێهێزکردن، بۆئەوەی بتوانێت پشت بەخۆ ببەستێت.

لەبارەی چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ منداڵ و کاریگەری هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەسەر منداڵەکانیان، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: دەبێت دایک و باوک  راستگۆبن لەگەڵ منداڵەکانیان لە گوفتار و لە رەفتاریاندا، واتە ئەوەی دەیڵێن بە کرداریش بەبەرچاوی منداڵەکانیانەوە جێبەجێی بکەن، چونکە منداڵان زیاتر کردارەکان دەبینین و پەیڕەوی دەکەن، ئەگەر ئەو شتەی کە بەمنداڵەکانی دەڵێن لەخۆیاندا پەیڕەوی نەکەن ئەوا دەبێتە پرسیار لای منداڵ کە بۆچی دایکک و باوک راستگۆنین لەگەڵیان و ئەوەی بەوانی دەڵێن خۆیان جێبەجێی ناکەن. لەهەمانکاتدا دەبێت دایک و باوک رێز لەیەکتربگرن بۆ ئەوەی منداڵەکان فێری رێزگرتن ببن، کەئەمانە چەندین وردەکارین لە ژیانی رۆژانە و هەمووی دەبێتە وانەی تایبەت بۆ منداڵ و بەشێویەکی سروشتی وەریدەگرن.

کەس نکوڵی لە دەربڕینی سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک نییە بۆ منداڵ، بەڵام وەک عائیشە شەوکەت بەرپرسی بەشی رۆشنبیریی منداڵان لە دهۆک ئاماژەی پێدەکات دەبێت بەرۆشنبیرییەوە دەرببڕرێت و دەڵێت: منداڵان حەزدەکەن نازیانبکێشرێت بۆیە دەبێت کاتێک منداڵەکانیان کارێکی باش دەکەن و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن دەستخۆشیان لێبکرێت و دیاریان پێببەخشرێت، بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە دڵخۆشی و سەرکەوتن بکەن و ببێتە هاندانی زیاتر بۆیان.

ئەو بەڕێوەبەرە هانی دایکان و باوکانییدا کە گرنگی بەبەهرەو توانای منداڵەکانیان بدەن و ئاماژەی بەوەکرد دایک و باوک باشتر لەهەموو کەسێک دەزانن منداڵەکەیان چ بەهرەکی هەیە، لەبوارە جیاوازەکانی موزیک و گۆرانی و وێنەکێشان و خوێندنەوە، ئەگەر هەربەهرەیەکیان بینی دەبێت هەوڵبدەن پەرەی پێبدەن و هاوکاری بکەن و کەرەستەو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن، بەرەچاوکردنی لایەنی تەندروستی.

عائیشە شەوکەت هەموو قۆناغەکانی ژیان بۆ منداڵ بەگرنگ دەزانێت بۆ پەرەوەردەکردنی منداڵ، ئەو بەپێویستی دەزانیت مامۆستا لەگەڵ فێرکردن گرنگی زیاتر بە پەروەردە بدات و تەنیا تەرکیز لەسەر فێرکردن نەکات، دەبێت مامۆستا بزانێت و هەستی پێبکات کە منداڵێک جیاوازە لەوانی تر و خاوەنی بەهرەو توانی سەرنجڕاکێشە، هانیبدات بۆ ئەوەی بەدەر لە پەروەردەو خوێندن ئەولایەنەش لەژیانیدا پەرەی پێبدرێت.

هـ،ڕ